ئێران یه‌ک له‌و وڵاتانه‌یه که به هۆی دراوسێ بوونی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها کاریگه‌ری زۆری له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێستای عێراق و هه‌بوونی که‌مایه‌تیەکی به‌رچاوی کورد له وڵاته‌که‌ی، هه‌ڵوێسته‌کانی سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان زۆر به هه‌ند وه‌رده‌گیرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی کاتی به‌ڕێوه چوونی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان، به ڕوونی دژی ئه‌م پرسه هه‌ڵوێستی گرت که به پێی ستراتێژی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ئێران به‌رانبه‌ر به عێراق هه‌ڵوێستێکی چاوه‌ڕوان کراوو بوو. ئێران وه‌ک هه‌میشه جه‌ختی کرده سه‌ر گرینگی پاراستنی یەکپارچەی خاکی عێراق و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ی وه‌ک هێڵی سووری خۆی ڕاگه‌یاند.
شێوازی ڕوانینی کۆماری ئیسلامی به کوردستان
به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ده‌ڵێن ئێران له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ران و به‌رپرسانی حیزبه جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ناڕه‌زایه‌تی خۆیی به‌رانبه‌ر به پرسی ڕیفراندۆم و ئه‌گەری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان پێ ڕاگه‌یاندوون. به‌رپرسانی ئێرانی ده‌ڵێن ئێران پێشتر نیشانی داوه دۆستی کورد له عێراقه و ئێستا چاوه‌ڕوان ده‌کات کورد له عێراق وڵامدەری نیگه‌رانیه‌کانی ئه‌وان بێت.
ئێران ده‌ڵێت زیاتر له هه‌ر ئه‌کته‌رێکی تر ئاگای له حه‌ز و داوای کورده‌کانه و چ پێش شۆرشی ئێران و چ دوای سه‌رکه‌وتنی شۆرش له ساڵی ۱۹۷۹دا ئێران به پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی تری دراوسێ له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه‌کانی کوردستانی عێراق له سکۆلار، مارکسی و ئیسلامی وەک پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان و یه‌کیه‌تی نیشتمانی و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووی ئیسلامی پێوه‌ندی باشیان هه‌بوه.
ئێران هه‌روه‌ها ده‌ڵێت کوردانی عێراق نابێت له بیریان بچێته‌وه که دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی ۱۹۹۱ دوای شه‌ڕی که‌نداو ئه‌مه ئێران بوو که سنووره‌کانی خۆی به‌ره‌و په‌نابه‌ران کرده‌وه به پێچه‌وانه‌ی تورکیا که سنووره‌کانی به‌سه‌ردا داخستن.
ئێران هه‌ر ئێستاش و لانیکه‌م تا پێش به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم ساڵانه نزیک به ۸ ملیارد دۆلار بازەرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه. به باوه‌ری به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی پێوه‌ندی باشتری ئێران له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته هۆی ئه‌وه ئێران بتوانێت سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و به دواداخستنی و یان وه‌دەرنانی کرکووک له نێو کوردستانی سه‌ربه‌خۆی داهاتوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کوردستان ڕاوێژ بکات.
هه‌ڵوێستەکان لە ئێران پێش به‌ڕێوه چوونی ڕیفراندۆم
هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی سیاسی
عه‌لی خامنه‌ی، ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامی له چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عێبادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له 21 مانگی شه‌شی ئه‌مساڵدا، جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ئێران پشتگیری ته‌واو ده‌کات له یەکپارچەیی خاکی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی. خامنه‌ی ئه‌وه‌شی گوت که ئێران وه‌ک دراوسێی عێراق به جێدی ناره‌زایه‌تی خۆی به‌و باسانه‌ی سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم بۆ جۆدا کردنه‌وه‌ی به‌شێک له خاکی عێراق لە ئارادایە نیشان ده‌دات و پێی وایه ئه‌وانه‌ی ئه‌م باسانه ده‌که‌ن دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و شۆناسی عێراق ده‌که‌ن.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خامنه‌ی هه‌ر له ڕۆژانی سه‌رتایی باسی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نیشانەیێک بوو بۆ چاودێران بۆ ئه‌وه‌ی به‌راوه‌ردی بکه‌ن تا کۆتایی پرسی ڕیفراندۆم هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی تری ئێرانی به‌رانبه‌ر به‌م پرسه چی ده‌بێت.
جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌رپرسی پایه‌به‌رزی ئێرانی ڕوو به میدیا بیانیەکان باسی هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی له‌م باره‌یه‌وه کرد. زه‌ریف وتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی عێراق مه‌ترسیەکی گه‌وره بو هه‌موو کورده‌کان دروست ده‌کات. زه‌ریف ڕوونی نه‌کرده‌وه بۆچی ئه‌م پرسە مه‌ترسی بۆ کورد دروست ده‌کات به‌ڵام جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که به بڕوای کۆماری ئیسلامی ئێران، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناوچه‌که به وتووێژ و ڕێکه‌وتنی سیاسی ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌وه‌شی زیاد کرد که ئێران ڕێز له یه‌کپارچه‌یی خاکی هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که ده‌گرێت.
ئه‌م قسانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران پیشتریش له به‌یاننامه‌کان و له زاری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بیسرابوو. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش پێشتر له به‌یاننامه‌یەکدا ڕایگه‌یاندبوو که پێوه‌ندیه‌کانی ئێران و ڕێبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان دۆستانه‌یه و هه‌ربۆیه‌ش داوا ده‌کات له ڕێبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان تا لەم پرسە بگەڕێن و جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه‌ش کردبوەوە که به وته‌ی خۆیان ئێران ڕێگه له وه‌دی هاتنی خه‌ونی نتانیاهو ده‌گرێت.
به‌هرام قاسمی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش وتی ئێمه ڕێز له خاکی عێراق ده‌گرین و ڕیفراندۆم وه‌ک هه‌وڵێکی نایاسایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین و پیمان باشه نه‌کرێت.
هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی سه‌ربازی
جگه له به‌رپرسانی سیاسی، فه‌رمانده سه‌ربازییه پایه‌به‌رزه‌کانی ئێرانیش دژی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵوێستیان گرت.
جێنێراڵ مۆحه‌ممه‌د باقری، به‌رپرسی ئه‌رکانی له‌شکری ئێران دوای چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی له‌شکری تۆرکیا له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به هیچ جۆرێک له لای دراوسێکانی عێراق قه‌بوڵ ناکرێت و پاراستنی یه‌کپارچه‌یی عێراق له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو ئه‌تنیکه‌کان، ئایینه‌کان و به‌شه جۆراجوره‌کانی ئه‌م وڵاته‌یه و به‌ڕێوه چوونی ڕیفراندۆم ده‌بێته سه‌ره‌تایێک بۆ شه‌ڕی نێوخۆیی عێراق که دواتریش ته‌شه‌نه ده‌کاته ناوچه‌که.
عه‌لی شه‌مخانی، جێنێراڵی هێزه‌کانی ده‌ریایی ئێران که به‌رپرسی دیوانی ئه‌نجۆمه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیشە جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کردەوه که به‌ڕێوه چوونی ئه‌م ڕیفراندۆمه ده‌بێته هۆی په‌راوێز خستنی کورده‌کانی عێراق و له کۆتاییدا ده‌بێته هۆکاری لاواز کردنی کوردستان و گشتی وڵاتی عێراق. شه‌مخانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و له‌ت بوونی ئه‌م وڵاتەی به به‌شێکی سه‌ره‌کی له به‌رنامەی بیانی و داگیرکرانەی "ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" وەسف کرد و داوای له هه‌موو هێزه‌کان کرد یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزن. شه‌مخانی جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه ڕێکه‌وتنه سنووریه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق بوه و ئه‌گه‌ر کوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت ئه‌وا هه‌موو ده‌روازه سنووریه‌کان له‌گه‌ڵ کوردستان داده‌خرێ و به شێوازێکی جیاواز له جارانیش به‌رانبه‌ر به‌و هێزه کوردیه ئێرانیانه له نێو خاکی کوردستان هاتووچۆیان هه‌یه هه‌ڵس‌و‌که‌وت ده‌کرێت.
قاسم سۆلێمانی، فه‌رمانده‌ی هێزی قۆدسی سۆپای پاسدارانی ئێران که هێزی ده‌ره‌کی سۆپای ئێرانه و به‌رپرسی فایلی عێراق له نێو ده‌سه‌ڵاتی ئێرانه، وه‌ک دواتریش مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پشت‌ڕاستی کرده‌وه، جگه له هه‌ندێک چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕاگه‌یاندنی ناره‌زایه‌تی ئێران به ڕیفراندۆم تا به‌رپرسانی هه‌رێم به وه‌دواخستنی ڕیفراندۆم رازی بکات گۆتویەتی به ڕوونی به به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانی وتوه ئه‌و تا ئه‌و کات ڕیگای له هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی گرتوه هێرش نه‌که‌نه سه‌ر کوردستان به‌ڵام چیتر به‌ریان پێ ناگرێت.
سۆپای پاسدارانی ئێران ڕۆژێک پێش به‌ڕێوه چوونی ڕیفراندۆم نمایشێکی سه‌ربازی له سه‌ر سنووری هه‌رێمی کوردستان ده‌ستپێکرد. له‌م نمایشه‌دا که له ژێر نێوی «مانۆری ئاسایشی مۆحه‌ڕه‌م» به ڕیوه چوو، هێزه‌کانی سه‌ر زەۆی، ئاسمانی، مووشه‌کی و شه‌ڕی ئه‌له‌کترۆنی به‌شدار بوون. دوو فه‌رمانده‌ی پایه‌به‌رزی سۆپای پاسداران، جێنێراڵ سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی سۆپای پاسداران و جێنێراڵ پاکپور، فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌وینی سۆپای پاسداران له‌م مانۆرەدا ئاماده بوون.
هه‌ڵوێستەکان لە ئێران دوای به‌ڕێوه چوونی ڕیفراندۆم
هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی سیاسی
۲۱۰ نوێنه‌ری پەرله‌مانی ئێران له به‌یاننامه‌یێکدا ڕایانگه‌یاند ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌نگاوێکی جۆادیخوازانه‌ی نایاسایی بوه و شه‌ڕعیه‌تی نیه.
عه‌لی مۆته‌هه‌ری، جێگری سه‌رۆکی پەرله‌مانی ئێران وتی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌وڵیکی پشت به‌ستراو به ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل بوو و ده‌بوایەت کۆماری ئیسلامی بۆ پێش گرتن له به‌ڕێوه چوونی زیاتر چالاک ببوایەت به‌ڵام ئێستا که به ڕیوه چوه نابێت کۆماری ئیسلامی زۆر پێی نیگەران بێت. مۆته‌هه‌ری ده‌ڵێت پشتگیری کوردان له سه‌ربه‌خۆیی چاوه‌ڕوان کراوه به‌ڵام له ڕیفراندۆمه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی ڕێگایەکی درێژه و نابێت ئێران پێی نیگەران بێت و باشتر وایه هه‌وڵ بدات کوردان به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌یێنێت که سه‌ربه‌خۆیی لە بەرژەوەندی ئه‌واندا نیه.
عەلائەدین بروجێردی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پەرله‌مانیش وتی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان یاسایی نه‌بوو و ده‌ره‌نجامه‌که‌شی هیچ بایه‌خێکی نیه ئه‌مه گه‌مه‌یێکی پرمه‌ترسیه و له کۆتاییدا به زیانی هه‌رێمی کوردستان ده‌شکێته‌وه و ده‌توانێت کاردانه‌وه‌ی ئاسایشی و سیاسی له ناوچه‌که بێت هه‌ر بۆیه‌ش کۆماری ئیسلامی له ته‌واوی بژارده‌کانی خۆی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق که‌ڵک وه‌رده‌گرێت.
کەیوان خۆسرەوی، وته‌بێژی ئه‌نجۆمه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش وتی به پێی بڕیاری ئه‌م ئه‌نجۆمه‌نه و دوای داوای ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق بۆ داخستنی سنووره‌کانی نێوان هه‌رێم و ئێران بڕیاردرا سنووره‌کانی ئاسمانی ئێران و هه‌رێم دابخرێت و ڕێگا له‌و فڕۆکانه‌ش بگیردرێت که ده‌یانەۆیت له ئاسمانی ئێرانه‌وه بچنه هه‌رێمی کوردستان.
جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش وتی ڕیفراندۆم و ده‌ره‌نجامه‌که‌ی هیچ قازانجێکی بۆ گه‌لی کورد نابێت و ته‌نیا کێشه له عێراق دروست ده‌کات و ئاسایشی ناوچه‌که ده‌شێوێنێت بێ ئه‌وه‌ی ببێته هۆی گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق.
مامۆستا مۆحه‌ممه‌د ئێمامی کاشانی، وتارخوێن و پێشنوێژی هه‌ینی تارانیش وتی ئه‌گه‌ر بێت‌و کوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت ئه‌وه گه‌لی کورد له عێراق شه‌رمه‌زاری نه‌وه‌کانی خۆی ده‌بێت که تووشی شه‌ڕ و پارچه کردنی خاکی عێراقیان کردون و باشتر وایه کورد له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریکا و ئێسرایل و سه‌عودیا بوه‌ستێت و به به‌ره‌نگاری ئه‌وانه‌ی که ده‌یانەۆیت عێراق پارچه پارچه بکه‌ن خۆیان بده‌ن به کۆشتن و شانازی بۆ خۆیان دروست بکه‌ن.
هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی سه‌ربازی
جێنێراڵ شەمخانی به‌رپرسی دیوانی ئه‌نجۆمه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش وتی ئێران نه‌خشه ڕێگایەکی بۆ به‌ره‌نگاری پلانی پارچه کردنی عێراق ئاماده کردوه و به پشت به‌ستن به سیاسه‌تی ئابڵۆقه‌ی ئابووری له سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها ڕێکه‌وتنی ناوچه‌ی و نێونه‌ته‌وه‌ی کارێک ده‌کات به‌رپرسانی هه‌رێم له کۆتاییدا له پرسی سه‌ربه‌خۆیی پاشگەزبن. شه‌مخانی ئه‌وه‌شی زیادکرد که مافی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراقه بۆ پاراستنی یەکپارچەی خاکی وڵاته‌که‌ی هێرشی سه‌ربازی بکاته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
جێنێراڵ جه‌زایری، وته‌بێژی ئه‌رکانی هێزه‌کانی سه‌ربازی ئێرانیش ڕایگه‌یاند فه‌رمانده‌کانی هێزه‌کانی سه‌ربازی سۆپای پاسداران و سۆپای ئێران کۆبونه‌ته‌وه و له چوارچێوه‌ی پابه‌ندبوونی ئێران به یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق بریارگه‌لی پێویستیان داوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری و وه‌رگرتنی نزیک به 200 به‌رپرسی عێراقی له نێو خاکی ئێران بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنووره‌کانی باشماخ، په‌رویزخان و حاجی عۆمه‌ران له دیوی ئێرانه‌وه.
مۆحسن رفیق‌دوست، وه‌زیری پێشووی سۆپای ئێران له کاتی شه‌ڕی ئێران و عێراقیش وتی کورده‌کان ناچار ده‌بن ته‌سلیم بن چۆن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق، ئێران و تورکیا ئه‌م ڕیفراندۆمه قه‌بول ناکه‌ن.
شێوازی به‌رنگاری ئێران و کوردستانی سه‌ربه‌خۆ
ئێران ده‌ڵێت یه‌که‌مین هه‌نگاوی بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا له سه‌ربه‌خۆیی کوردان بگرێت، چالاکی سیاسی و دیپلۆماسیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌وڵی سیاسی کۆماری ئيسلامی ڕێگای له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌گرت، ئایا ئێران ئاماده‌یه به پشت به‌ستن به هێزی سه‌ربازی، گه‌مارۆی ئابووری و داخستنی سنووره‌کان به‌ره‌نگاری هه‌رێمی کوردستانی عێراق بێت؟
ئێران ده‌ڵێت خۆ پاراستن له دستێوه‌ردان له ناوچه‌که یه‌ک لە پرنسیبه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه به‌ڵام هه‌ندێک له بابه‌ته نێوخۆییه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که به هۆی ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تر، ناکرێت ته‌نیا وه‌ک بابه‌تێکی نێوخۆیی ببینرێت و بابه‌تی کورده‌کانیش یه‌ک له‌و بابه‌ته نێوخۆییانه‌یه که کاریگه‌ری ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و شێوازی هه‌ڵوێست گرتنی ئێران به‌رانبه‌ر به‌م بابه‌ته بەسراوه‌ته‌وه به ڕه‌وشی ئاسایشی و ئارامی ناوچه‌که.
هه‌ر بۆیه‌ش چاودێران و له وانه وڵاتانی عه‌ره‌بی و ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان ده‌ڵێنکۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌که لەوانە یه‌مه‌ن، سووریا و به‌حرین و عێراق و لۆبنان و فەله‌ستین ده‌کات له به‌رانبه‌ر هه‌رێمی کوردستانیش ئه‌گه‌ر ڕێگری نێونه‌ته‌وه‌ی نه‌بێت ئاماده‌یه ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی بکات. چاودێران ده‌ڵێن تۆپ‌بارانی ناوچه سنووریه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن ئێرانه‌وه یه‌ک له‌و نیشانانه‌یه که کۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دات به‌رپرسانی هه‌رێم له چالاکی خۆیان بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بترسێنێت.
هه‌ر ئێستاش بانه‌گه‌شه‌ی ئه‌وه له ئێران هه‌یه که کۆماری ئیسلامی به به‌کارهێنانی چه‌کی گه‌مارۆی ئابووری و داخستنی سنووره‌کان گۆشار بخاته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بۆ پاشگەزبوونیان له سه‌ربه‌خۆیی. وه‌ک هه‌نگاوی سه‌ره‌تاییش، ڕێگا له هه‌ناردنی تانکه‌ره نه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له ڕێگای ئێرانه‌وه گیراوه و بڕیار وایه له دیوی ئێرانیشه‌وه چه‌ند ده‌روازه‌ی سنووری هه‌رێمی کوردستانی بدرێته ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق. وادیاره به هۆی ئاستی به‌رزی بازرگانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێران، گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن ئێرانه‌وه به ئاسانی جیبه‌جی نه‌کریت.
به‌ڵام به بڕوای به‌رپرسانی ئێرانی له بواری ئابووریه‌وه هه‌رێمی کوردستان زۆر زوو ده‌توانێت تووشی کێشه بێت و ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌م باره‌وه زیاتر دژی کوردستان چالاک بن. کێشه ئابووریه‌کانی هه‌رێم به هۆی نه‌دانی به‌شی ۱۷ له سه‌دی داهاتی ساڵانه‌ی وڵات لە لایەن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به هه‌رێمی کوردستان و دواکه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له هه‌رێم و ئێستاش ڕێگا گرتنی ئێران له ڕۆیشتنی تانکه‌ره نه‌وتیه‌کانی هه‌رێم ده‌توانێت کێشه‌ی ئاسایشی جێدی بۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و کوردستانی سه‌ربه‌خۆ دروست بکات.