Accessibility links

کۆڵبەرێک لەلایەن ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کورد رایانگەیاندووە ئیدریس ئالی کە کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشتە و نزیکەی سێ مانگە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕیکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە سزای لەسێدارەدانی ئەو کۆلبەرە تەمەن 31 ساڵەیە کە باوکی دوو منداڵە، لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و لەژێر گوشاری "ئیتلاعاتی سوپای پاسداران" دەرچووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، سزای لەسێدارەدان کە لەلایەن لقی 3 ی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە دەرچووە، ئەو کۆڵبەرە کوردەی تۆمەتبار کردووە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل.

ئیدریس ئالی سێ مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سەردەشت دەستبەسەرکراوە و دواجار گواستراوەتەوە بۆ بەندی سیاسیی بەندینخانەی ئورمییە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەشی بەوە داوە کە ئیدریس ئالی تاوەکو ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە دەستی بگات بە پارێزەرێک بۆ دۆسییەکەی.

هاوکات کۆڵبەر نیوز بە هەمان شێوە بڵاویکردەوە کە ئیدریس ئالی بە تۆمەتی " سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل " سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئاماژەشی بەوەدا 8 کۆڵبەری دیکە لە شارەکانی سەردەشت و بۆکان و سەقز دەستبەسەرکراون، پێنج لەو کۆڵبەرانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 3 کۆڵبەری دیکەیان هێشتا لە زینداندان و سزای 2 کۆڵبەری دیکەیان هێشتا دیار نییە.

سەرچاوە/ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆڵبەر نیوز

XS
SM
MD
LG