Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئوردن سەردانی ئێران دەکات


وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی
وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی سەردانی ئێران دەکات، ئەمەش لە سەردانێکی دەگمەندا کە مەبەست لێی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانە لە ناوچەکەدا دوابەدوای کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تاران.

دوای کوژرانی هەنییە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا لە تاران، گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاد بوون. کوژرانی هەنییە ڕۆژێک دوای ئەوە بوو ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدا و فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی حزبوڵا فواد شوکری کوشت.

حەماس و ئێران هەردووکیان ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتنی هەنییە و بەڵێنیانداوە تۆڵە بکەنەوە. ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی ڕانەگەیاندووە و نکۆڵیشی لێنەکردووە.

سەردانەکەی سەفەدی بۆ ئێران دوای هەوڵە بەردەوامە دیبلۆماتییەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئیتاڵیا و میسڕ دێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

ئێران و ئوردن هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانییان دەدەن، ئەوەش دوابەدوای گرژییەکانی ئەمدواییانەی نێوانییان کە عەمان گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریای لایەنگری ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بە تۆمەتی هێنانی دەرمانی هۆشبەر بە قاچاخ بۆ ناو ئوردن. ئوردن بەشداریشبوو لە خستنەخوارەوەی هەندێک لەو موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تاران لە مانگی چواردا ئاڕاستەی ئیسڕائیلی کردن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG