Accessibility links

ئێران دەستدەکات بە کەمکردنەوەی کاری پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان


تاران دەستیکرد بە کەمکردنەوەی کاری پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، ئەمەش دوای کۆتای هاتنی ئەو ماوەیەی ئەنجومەنی شورای ئێران دیاریکردبوو تاوەکو ئەمەریکا لەو ماوەیەدا سزاکانی سەر ئێران لاببات.

بەپێی یاسایەک کە ئەنجومەنی شورای ئێران لە مانگی دوانزەدا پەسەندی کردووە، ئەگەر ئەمەریکا تاوەکو 21 ی مانگی دوو سزاکانی سەر ئێران لانەبات ئەوا دەبێت تاران جێبەجێکردنی خۆبەخشانەی پڕۆتۆکۆڵەکانی دیکەی پەیوەست بە پەیماننامەی سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی ڕابگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتوبەند خستنەسەر هەندێک لە چالاکییەکانی پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان لە ئێران.

ساڵێک دوای کشانەوەی ئەمەریکا، ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێ خست، ئەمەش نوێترین ڕێوشوێنە گرتوویەتیەبەر.

لە ماوەی ڕابردووشدا بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بابەتە سەردانی تارانی کرد و ڕێکەوتنێکی تەکنیکی کاتیان بۆ دواخستنی ڕێوشوێنەکە واژۆکرد، بەپێی ڕێکەوتنەکە ڕێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان دەدرێت بەردەوام بن لە بەشێک لە چالاکییەکانیان، ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە نەبووایە ئەوا تەواوی کارەکانیان ڕادەگیرا.

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی هیوای خواست ئەو ڕێکەوتنە ببێتەهۆی فراوانکردنی بواری هەوڵە سیاسییەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سوورە لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی و دەڵێت پێش هەر گفتوگۆیەک لەسەر ڕێکەوتنەکە دەبێت سەرەتا ئێران دووبارە پابەند بێتەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانیەوە. ئەمەش لەکاتێکدا ئێران دەڵێت دەبێت سەرەتا ئەمەریکا سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات، دواتر تاران دووبارە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف وتی " بە فەڕمی لە 15 ی مانگی دوودا بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیمان ڕاگەیاند بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورای ئێران لە 23 ی مانگی دوودا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

لە میانەی کۆنگرەیەکدا لە تاران زەریف وتی " لەبەرئەوە، بەیانی ئەمڕۆ ئەو بڕیارە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە."

نوێنەری ئێران لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کازم غەریب ئابادی جەختی لەوە کردەوە بڕیارەکە لە نیوەشەوی ڕۆژی دووشەممەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

ئێران جێبەجێکردنی خۆبەخشانەی پڕۆتۆکۆڵەکانی دیکەی ڕاگرت، بەڵام کاری پشکنەرانی پەیوەست بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ناوەکیەوە هێشتەوە.

ئەم ڕێوشوێنە کە هێشتا وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراوە، دەبێتەهۆی ئەوەی لەکاتێکدا ئەگەر گومان هەبێت لەسەر بوونی چالاکیەکی ناوەکی نایاسایی، ڕێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان نادرێت سەردانی ئەو کارخانانە گوماناوییانە بکەن کە ناوەکی نین، ئەمە جگە لەوەی ڕێگە نادرێت بچنە کارخانە سەربازییەکانیشەوە.

بەرپرسانی ئێران جەختیشیان لەوە کردەوە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی چیتر ناتوانێت تۆماری کامێراکانی لە کارخانەکان دەستبکەوێت.

بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، ئەگەر هاتوو سزاکانی ئەمەریکا لە ماوەی سێ مانگدا لاببرێن، ئەوا تۆماری کامێراکان دەدرێت بە دەزگاکە، بەڵام ئەگەر سزاکان لانەبرێن ئەوا ئەو تۆمارانە دەفەوتێنرێن.

لەلای خۆیەوە وتەبێژی حکومەتی ئێران عەلی ڕەبیعی وتی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسیدا دەبێتەهۆی پاراستنی هاریکارییەکانی نێوان ئێران و دەزگاکە و وتیشی " ڕێکەوتنەکە چالاک و دڵنیاکەرەوەیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG