Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هیندستان دەکات


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ڕۆژی سیشەممە لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان لەگەڵ هاوتا هیندییەکەیدا کۆدەبێتەوە، دوای ئەوەی هیندستان لەم مانگەدا بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی ڕاگرت.

هیندستان دووەم گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانی بوو دوای چین بەڵام دوای ئەوەی واشنتن سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی ڕاگرت.

زەریف پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هیندستان سوشما سواراجدا وتی " هیندستان یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە ئابووری و سیاسیی و هەرێمییەکانمان."

وتیشی " هەمیشە لەگەڵ هیندستاندا گفتوگۆ دەکەین سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی جیاواز و منیش لێرەم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوتاکەمدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیشمان."

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران کشایەوە، واشنتن هەوڵ دەدات هەناردەی نەوتی ئێران ڕابگرێت.

زەریف وتی " بەداخەوەین ئەمەریکا بەبێ هیچ پێویستیەک ڕەوشەکە خراپتر دەکات. ئێمە هەوڵی خراپکردنی ڕەوشەکە نادەین بەڵام هەمیشە بەرگری لە خۆمان دەکەین."

سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێڕان هەناردەی نەوتی ئێرانی بۆ زیاتر لە نیوە کەمکردۆتەوە لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە 2.8 ملیۆن بەرمیلی ڕەوانە دەکرد، بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕۆیتەرزی وت لەم مانگەدا هەناردەکردنی نەوت کەم دەبێتەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

سەرچاوەکانی نزیک لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەوروپاوە وتیان تاران سوورە لەسەر ئەوەی بەلایەنی کەمەوە 1.5ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە هەناردە بکات وەکو مەرجێک بۆ مانەوەی لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG