Accessibility links

ڕۆحانی داوا لە ماکرۆن دەکات بجوڵێت بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی بە زلهێزەکانی جیهانی وت مانەوەی ئێران لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی لەگەڵ هێزەکانی جیهاندا شتێکی مەحاڵە ئەگەر سوودی لێنەبینێت، ئەوەش دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە.

ڕۆحانی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، وتی ڕازییە بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەتی هەوڵەکانی فەڕەنسا بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بەڵام وتیشی " ئەم جۆرە لێدوانانە پێویستە کردار و ڕێوشوێنی بەرجەستەی لەگەڵدا بێت."

دەزگای هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری ڕۆحانیەوە بۆ ماکرۆن بڵاویکردەوە " ئەگەر ئێران نەتوانێت سوود لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ببینێت ئەوا مەحاڵ دەبێت ئێران لە ڕووی کردارییەوە لە ڕێکەوتنەکەدا بمێنێتەوە."

ئۆفیسی ماکرۆن ڕایگەیاند سەرۆکی فەڕەنسا لە هەمان پەیوەندی تەلەفونیدا بە ڕۆحانی ڕاگەیاندووە هێشتا وڵاتەکەی پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و پێویستە لەسەر تاران بەتەواوەتی پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

وتیشی " سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە سووربوونی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین داوە لە بەردەوامبوون و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی ڤییەنا."

هەروەها وتیشی " سەرۆک بە سەرۆکی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە پێشڕەوی هەیە لەو کارانەی کە دەیکەین لەلای خۆمانەوە. هەروەها هیوای خۆشی دەربڕی بەوەی ئێران پابەند دەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە بەبێ هیچ کەم و کورتییەک."

ئۆفیسی ماکرۆن جەختی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک کردەوە لەسەر ئاستی وەزارەتەکان کە پێشتر ڕێکەوتوون لەسەری لەنێوان هەموو لایەنەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا، کە ئەوانیش سێ وڵاتی ئەوروپی و چین و ڕوسیان، ئەم کۆبوونەوەیەش لە هەفتەکانی داهاتوودا لە ڤییەنا ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG