Accessibility links

سەرۆکی ئێران: فەڕەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە هاوتا فەڕەنسیەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی ڕاگەیاند فەڕەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت لە دروستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پەیڕەوی کردنی بەرنامەیەکی بێلایەنانە و واقعی.

هەفتەی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان ئێران و فەڕەنسا زیادبوون دوای ئەوەی ماکرۆن وتی تاران دەبێت کاری دوژمنانە لە ناوچەکەدا ئەنجام نەدات و دەبێت بەرنامە موشەکیە بالیستیکیەکەشی ڕوون بکاتەوە.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێرانی وتی ڕۆحانی بە ماکرۆنی وتووە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڕەنسادا پەرەپێبدات سەبارەت بە هەموو بابەتە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بابەتەکانی نێوانیشیان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش.

ڕۆحانی باسی لە هەندێک لە شازادەکانی ناوچەکە کرد کە ئەو پێی وایە شارەزاییان نیە، ئەوەش وەکوو ئاماژەیەک بۆ سعودیە کە ڕکابەری یەکەمی ئێرانە و وتی فەڕەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا.

وتیشی " ئێمە دژی هەر کارێکی کوێرانە و دابەشکردنێکین لە ناوچەکەدا و پێمان وایە فەڕەنسا دەتوانێت پارێزگاری لە دەنگێکی سەربەخۆ و بێلایەنانە و هەڵوێستی خۆی بکات لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرهەمهێنەر ببینێت بە پەیڕەوی کردنی بەرنامەیەکی بێلایەنانە و واقعی."

ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە، وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ئێران و حیزبوڵای لوبنانیان تۆمەتبار کرد و داوایان کرد پێکەوە کاربکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ڕۆحانی جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایشی لوبنان کردەوە و ئاماژەی بەو هەڕەشەیەدا کە ئیسڕائیل دروستی کردووە.

ڕۆحانی وتی " حیزبوڵا بەشێکە لە گەلی لوبنان و لە وڵاتەکەیدا زۆر خۆشەویستە. چەکەکانی تەنها بۆ بەرگریکردنن و تەنها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکان بەکاردەهێنرێن."

وتیشی " ئێستا پێویستە لەسەر ئێمە هەوڵ بدەین لایەنەکانی ناو لوبنان لە ڕەوشێکی ئاسایشدا بتوانن حکومەتێک پێکبهێنن یارمەتی بدەن لە پێشکەوتنی وڵاتەکەدا."

جێی ئاماژەیە ماکرۆن هەوڵیدا ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت لە ڕەوشی لوبناندا دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئێران و حیزبوڵای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵ دەدەن ئاژاوە بنێنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

فەڕەنسا داوای لە حیزبوڵا کرد واز لە چەکەکانی بهێنێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " فەڕەنسا داوا لە حیزبوڵا دەکات واز لە چەکەکانی بهێنێت و وەکو حیزبێک هەڵسوکەوت بکات کە بەتەواوەتی ڕێز لە پایەی دەوڵەتی لوبنان بگرێت."

سەرچاوە حکومییەکانی لوبنان لەماوەی ڕابردوودا بە ڕۆیتەرزیان وتبوو کە سعودیە حەریری ناچارکردووە دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە چونکە نەیتوانیوە و ئامادە نەبووە بەرەنگاری حیزبوڵا ببێتەوە. سەرۆکی لوبنان میشاڵ عەون وتی بڕیاری نەداوە لەسەر ئەوەی دەست لەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکات یان نا هەتاوەکوو حەریری نەگەڕێتەوە بۆ لوبنان و ڕوونکردنەوە لەسەر هەوڵوێستەکەی نەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG