Accessibility links

سەرچاوە ئەوروپییەکان هەواڵی پێشنیارکردنی ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا ڕەت دەکەنەوە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی

سێ سەرچاوە یەکێتی ئەوروپا ئەو هەواڵانەیان ڕەت کردەوە کە گوایە ئەو دیبلۆماتکارانەی کە ڕۆژی هەینی لە ڤییەنا کۆدەبنەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، گفتوگۆ دەکەن لەسەر ڕێکەوتنێکی نوێ کە تیایدا یارمەتی دارایی پێشکەشی ئێران دەکەن لەبەرامبەر ڕازیبوونی ئێران بە هەندێک مەرج.

ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە دیبلۆماتکارانی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و چین و ڕوسیا لە پایتەختی نەمسا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی دواتر دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە هەشتی مانگی پێنجدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە.

ڕۆژنامەی ڤێڵت ئێم زۆنتاگ لە زاری بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپاوە بڵاویکردەوە دیبلۆماتکارەکان گفتوگۆ لەسەر پێشنیارێک دەکەن بۆ واژۆ کردنی ڕێکەوتنێکی نوێ لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کە هاوشێوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2012 بێت بەڵام هەندێک شتی زیادکراوی تێدا دەبێت بۆ ڕازیبوونی ئەمەریکا.

سەرچاوەکە وتی بابەتە زیادکراوەکان لەوانەیە هەندێک بەند بن بۆ چارەسەرکردنی ترسەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە موشەکیە باڵیستیکییەکەی ئێران و پشتیوانیکردنی ئێران لە گروپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسێکی باڵای ئەوروپا بە ڕۆژنامەکەی وت " دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لە ناوی " ڕێکەوتنی ناوەکیی ڤییەنا " و هەندێک بابەت زیاد بکەین، تەنها ئەوە سەرۆک ترامپ ڕازی دەکات بەوەی کە جارێکی دیکەش سزاکانی سەر ئێران بەرز بکاتەوە."

ڕۆژنامەکە وتیشی ئەو ڕێکەوتنە لەوانەیە لە داهاتوودا پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی بۆ ئێرانیش بگرێتەوە.

بەڵام سێ سەرچاوەی یەکێتی ئەوروپا کە بەشداریان کرد لە هەوڵەکاندا بۆ ڕازیکردنی سەرۆک ترامپ تاوەکو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا بمێنێتەوە بە ڕۆیتەرزیان وت ئەم هەواڵە ڕاست نین.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی " کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی ڤییەنا سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی جێبەجێکردن و وردەکارییەکان دەبێت." وتیشی " کۆبوونەوەکە سەبارەت بە هیچ بابەتێکی دیکە نابێت."

لە تارانیش دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمییەوە بڵاویکردەوە ئەو هەواڵانەی کە گوایە پێشنیاری ڕێکەوتنێکی نوێ کراوە دوورن لە ڕاستییەوە.

قاسمی وتی " کۆبوونەوەکەی دواتری لیژنە هاوبەشەکە بەبێ ئەمەریکا دەبێت، هەروەها تەنها گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و لایەنەکانی دیکە دەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG