Accessibility links

ئێران ڕەخنەکانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ڕەت دەکاتەوە


ئێران ڕەخنەکانی یەکێتی ئەوروپای ڕەت کردەوە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکەی و سیاسەتەکانی لە ناوچەکە و تۆمارەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرژیی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا کە هەوڵدەدەن ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕزگار بکەن.

ئەم لێدوانەی ئێران ڕۆژێک دوای ئەوە هات یەکێتی ئەوروپا ڕەخنەی لە تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستییکیەکانی ئێران گرت و ترسی یەکێتیەکەی دەربڕی سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە زیادکردنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنی ناوەکیی ئێران کشایەوە کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرا و تیایدا چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران سنووردار دەکات و لەبەرامبەردا سزاکان لەسەر ئێران لادەبرێن، بەڵام یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیدا پابەند بێت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی بەرنامە موشەکییەکەی تاران تەنها تایبەتە بە بەرگری و بەرپەرچدانەوە و ئاماژەشی بەوەدا ئێران بە هیچ شێوەیەک وتوێژ لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ناکات لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئاڕاستەکردنی تۆمەت بۆ کۆماری ئیسلامی شتێکی نادروستە و هیچ سوودێکی نیە و لەگەڵ ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەوروپادا یەک ناگرێتەوە."

هەفتەی ڕابردوو بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا سیستمێکیان دانا بۆ ئاسانکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا و لەڕێی ئەو سیستمەوە مامەڵەی بازرگانی بە دراوێکی دیکە دەکرێت بێجگە لە دۆلار، ئەمەش وەکو خۆبەدوورگرتنێک لە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG