ئێران ڕایگەیاند بە هەمان شێوە وەڵامی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا دوو کەسی ئێرانی و یەکەی هەواڵگری ئێرانی خستە لیستی تیرۆری تایبەت بە یەکێتیەکەوە.
وەزیرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی باڵانسی ئەو کەس و لایەنانە سڕ بکەن و یەکەی هەواڵگری ئێران بخەنە لیستی تیرۆرەوە، ئەم سزایانەش ڕۆژی چوارشەممە جێبەجێ دەکرێن. هۆڵەندا ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی دوو کردەوەی کوشتنی لەسەر خاکەکەی ئەنجامداوە، هەروەها فەڕەنسا و دانیمارکیش ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناو ئەوروپادا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وتی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا نا لۆجیکین و لەناکاون.
لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێران ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم هەنگاوە و بە هەمان شێوە مامەڵە دەکات."
لەلای خۆیەوە ئێران هەموو تۆمەتەکانی ئەوروپا ڕەت دەکاتەوە و وتی ئامانج لەو تۆمەتانە زیان گەیاندنە بە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز