Accessibility links

ئه‌وین مۆسته‌فازاده: ئه‌مه‌ هه‌ڵمه‌تێکه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی دژی ژنی کورد

  • شاهێد عەلەوی

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتوو لە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات هەڵبژاردنەکانی سه‌روک کۆماری و ئه‌نجومه‌نه‌کانی شار و لادیی ئێرانیان بایكۆت كرد و لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد بە هیچ شێوەیەك روو لە سندووقەكانی دەنگدان نەكەن.

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە پێنج ڕێکخراوی ژنی کوردی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە لە بەشێكی بەیاننامەكە‌یدا ده‌لیت: "جیا لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەقلییەتە ژن کوژەکەی بایکۆت دەکەین، لەهەمانکاتدا بەتەمای ئەوەین کە ئەم بایکۆتکردنە شێوەی چالاک بە خۆیەوە بگرێت و لەم بوارەدا ژنانی رۆژهەڵات هاوشان لەگەڵ ڕۆڵەکانی نیشتمان، هەڵبژاردن بکەن بە گۆڕەپانێک کە هەم هێز و ئیرادەی ژنانی ڕۆژهەڵات پێشان بدات و هەمیش یەکگرتووی و یەک دەنگی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەرجەستە بکاتەوە."

ئەو کەمپەینە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ، لە پاڕکی "سامی عەبدولڕەحمان" لە بەر دەم پەیکەری "مەستوورە ئەردەڵان" وەک هێمای خۆڕاگری ژنی کورد، لە پرێس کۆنفرانسێکدا دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند. لەو کۆنفرانسەدا پەیامی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە لە لایەن "فاتمە عوسمانی" و پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن "سۆهەیلا قادری"خوێندرایەوە.

ئەوان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان بە رەفتارێكی شیاو هەژمار دەكەن و دەڵێن: " ئەوەی لەم کاتەدا ئێمە وەک ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە دەگەین ئەوەیە کە ئەم بە ناو هەڵبژاردنانە ئەگەر بۆ بەشێک لە ئەقلییەتی پیاوسالارانە کە دەرهاویشتەی کۆماری ئیسلامییە مانای هەبێ، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بۆ ئیمەی ژنان واتادار بێ. ئەم بێواتاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەر لە هەموو شتێک یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ژنان لە بەرێوەبەری وڵات بێبەری دەکات و بە بێ سڵکردنەوە ژنانی وەک هاوڵاتیانی پلە دوو و سێ هەژمار دەکات."

لە بەشێكی تری بەیاننامەكە هاتووە، " بەلەرچاوگرتنی راستییە حاشا هەڵنەگرەکان، ژنانی ڕۆژهەڵات دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە ئایا ئامادەن بەشداری ئەم سوکایەتی و کۆیلەبوونە بن یان دەیانهەوێ توانا و هێزی خۆیان بەرانبەر بەم ئەقلییەتە پێشان بدەن. ئایا ژنانی ڕۆژهەڵات دەبنە بەشێک لەوەی بۆ چەندین دەیەیە ڕێگای چەوسانەوەی ژنان پەیڕەو دەکات،! یان بەرەنگاری دەبنەوە؟"

ئه‌م ناوه‌نده هاوکات بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی " لە پێناو وڵاتەکەم شار چۆڵ دەکەم" داوا لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنان دەکەن کە لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی شارەکان چۆڵ بکەن.

شایانی باسە ناوەندی ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات له‌ پێنج رێکخراوی ژنان پێک دێت کە بریتین لە: یەکیەتی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستان، ئاسۆی ژنی کورد، یەکیەتی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات، ڕێکخراوی ژنانی سازمانی خه‌بات.

بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌م که‌مپه‌ینه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خاتوو ئه‌وین مۆسته‌فازاده وتووێژمان کردوه.

XS
SM
MD
LG