Accessibility links

ئێران لە ڕاهێنانێکی سەربازیدا تاقیکردنەوە بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەکات


ڕۆژی سێشەممە چەند ڕۆژێک پاش ساڵیادی کوژرانی قاسم سوڵەیمانی فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە عێراقدا کوژرا، ئێران دەستی بە ڕاهێنانی فراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ناوخۆدا بەرهەم هاتوون.

ئێران و هێزەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا لەم ساڵانەی دواییدا لە یەمەن، سوریا، عێراق و تەنگەی هورمز لە کەنداودا زۆرتر پشتیان بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەستووە.

ئاژانسی هەواڵی فارس ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بڕیارە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە جەنگییەکان کە وەک بۆمب هاوێژ، ڕێگەگر لە موشەک و لە ئەرکی پشکنیندا بەکاردەهێنرێن، لە ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژییدا لە پارێزگای سمنان تاقیکردنەوەیان بۆ بکات.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دوایین ڕۆژەکانی خولی سەرۆکایەتیدا هەوڵی دۆزینەوەی بیانوویەک بدات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، یان ڕەنگە ئیسرائیل هەوڵ بدات شەڕێک بوروژێنێت، بەڵام ئیسرائیل ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە.

ڕاهێنانەکانی ئێران هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و هەروەها دوو ڕۆژ پاش یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرمانەدەی ئێرانی کە لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا و هەروەها دوو هەفتە پێش ئەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی بخوات کە دەوترێت بە نیازە ئەمەریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەرچەند پێشبینی دەکرێت ئەمە تەنها دیپلۆماسیەت بێت.

بە وتەی کاربەدەستێکی ئەمەریکا کە ساڵی ڕابردوو بۆ ڕۆیتەرز قسەی کرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران جیا لە کاری چاودێریکردن، دەتوانن تەقەمەنی بەهاوێن و هەروەها کاتێک پڕ دەبن لە تەقەمەنی دەتوانن وەک هێرش لە چەشنی "کامیکاز" خۆیان بە ئامانجەکەدا بتەقێنەوە.

ئێران لە بەرامبەر سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا کە رێگرە لە بەردەم هاوردەکردنی زۆرێک لە چەکەکاندا، دەستیکردووە بە گەشەپێدانی پیشەسازی چەکی ناوخۆیی.

شیکەرەوە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئێران زۆر جار لە بارەی تواناییە سەربازی و چەکەکانیەوە زیادەڕۆیی دەکات، هەرچەند نیگەرانیەکان لەمەڕ بەرنامەی موشەکی بالستیکی دوور هاوێژ وایکرد کە واشنتن لە پەیمانە ئەتۆمییەکەی تاران بکشێتەوە کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزانی جیهان واژۆیان کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئێران لە کەنداو دەستیان بەسەر کەشتییەکی کۆریای باشووردا گرت و هەروەها تاران پلانی زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕاگەیاندوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە کۆتایی مانگی ڕابوردوودا هۆشداری دا بە ئێران لە دژی هەر هێرشێک بۆ سەر لەشکری ئەمەریکا یان کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق. ئەمەش چەند ڕۆژێک پاش ئەو هێرشە موشەکیانەی کە گومان دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە کرابێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

هۆشدارییەکەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی 23 یمانگی 12 پاش ئەوە بوو کە کاربەدەستە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کۆبونەوە بۆ ئەوەی بژاردە بیخەنە بەردەم دانۆڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا.

XS
SM
MD
LG