ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە هەواڵێکدا کە2ی مانگی یازدە بڵاویکردوەتەوە دەڵێت دادگای تاوانەکانی تاران بە تۆمەتی زینا یان سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری سزای لە سێدارەدانی بۆ ژن و پیاوێک دەرکردووە.
دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو ژن و پیاوە لە کاتێکدایە کەهەر لەم هەفتەیەدا دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە کە دادگایەکی ئێران بە تۆمەتی زیناکردن سزای مەرگی بەسەر ژنێکی دیکەدا سەپاندووە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندبوو کە ئەو ژنە لەسەر سکاڵای هاوسەرەکەی دوای ئەوەی لە رێگای کامێراوە بینیوێتی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا سێکسی کردووە، دەستگیر کراوە و دوای ساڵێکیش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و لە ئێستاشدا چاوەڕێ دەکات سزاکەی دوای دادگای پێداچوونەوە کەم بکرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری بە تاوان دەزانێت و ئەگەر لانیکەم یەکێک لە لایەنەکان هاوسەرگیری کردبێت، ئەو کارە بە زینا ناودەبات و سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسی هاوسەرداردا دەسەپێنێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای سەرنجی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە سەبارەت بە پرسی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران گوتی "لەسێدارەدانی خەڵک بەهۆی سێکسکردنەوە لەسەر خواستی خۆیان یان بە هۆی دەربڕینی بیروڕا لە سەدەی بیست و یەکدا لە لایەن ئەو حکومەتانەی کە کورسییان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، نابێت لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تەحەمول بکرێت."
گوتیشی " بەداخەوە وەڵام نەدانەوەی گونجاو لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە لەسێدارەدانی خەڵک، هانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی داوە کە دەرکردنی سزای لەوجۆرە زیاتر بکەن."
ڕۆژی چوارشەممە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی ئێران " بە ڕێژەیەکی مەترسیدار " خەڵکەکە لە سێدارە دەدات. وتی لە حەوت مانگی ئەم ساڵدا لانیکەم 419 کەس سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش لە سەدا 30 زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
لە ساڵی 2017 دا دادگا سزای مەرگی بەسەر ژنێکدا سەپاند بە تۆمەتی زیناکردن، بەڵام هەواڵ نەبوون لەسەر لە سێدارەدانی ژنەکە.
ئەو تاوانانەی کە سزای مەرگ دەیانگرێتەوە لە ئێران بریتین لە زیناکردن و هاوڕەگەزخوازی و کوشتن و دەستدرێژیکردنی سێکسی و دزی چەکداریی و ڕفاندن و بازرگانیکردن بە دەرمانەوە. لە ساڵی 2022 دا ئێران دوو هاوڕەگەزخوازی لە سێدارەدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا