Accessibility links

لە تەنها یەک ڕۆژدا زیاتر لە 10,000 کەس لە ئێران توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون


وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند لە ماوەی تەنها یەک ڕۆژدا بۆ یەکەمین جار زیاتر لە 10,000 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەکاتێکدا حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زیادیکردووە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران سیما سادات باسی لەوە کرد لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 10,463 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەمەش کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە ئێران بەرزبۆوە بۆ 629,949 کەس.

لەنێو توشبووەکاندا، 38,749 کەس گیانیان لەدەستداوە، 458 کەسیان لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە.

ڕۆژی یەکشەممە سیما سادات ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێردا 459 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە ئێران لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەدا.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێران کۆمەڵێک ڕێوشوێنیان ڕاگەیاند تاوەکو ڕێگری بکەن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، دوایین ڕێوشوێنەکان داخستنی دامەزراوە ناسەرەکییەکان بوو، بۆ ماوەی لانی کەم یەک مانگ.

ئەو ڕێوشوێنەش تاران و ناوەندی پارێزگاکان و شارە قەرەباڵغەکانیش دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG