Accessibility links

زیاتر لە 150,000 کەس لە ئێران توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون


ئێران ڕایگەیاند کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا 150,000 کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە کە لەمدواییانەدا لەگەڵ کردنەوەی بەشێک لە چالاکییەکان لە وڵاتەکەدا ژمارەی توشبووان زیاتر بووە.

حکومەتی ئێران بەشێکی زۆری ئەو ڕێوشوێنانەی لابرد کە بەهۆی کۆرۆناوە سەپاندبووی بەسەر وڵاتەکەدا، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئێران هۆشیاری دەدات لەسەر شەپۆلی دووەمی پەتاکە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران کیانوش جهانپوور ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 2,516 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، بەمەش کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە ئێران بەرزبۆوە بۆ 151,466 توشبوو.

جهانپوور ئەوەشی ئاشکرا کرد لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 63 حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە، کۆی ژمارەی گیان لەدەستدانەکانیش بەرزبۆوە بۆ 7,797 گیان لەدەستدان.

لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی ئێران سەعید نەمەکی وتی " ڕەوشەکە لە هەموو پارێزگاکانی ئێران جێگیرە جگە لە چوار پارێزگا نەبێت."

بەڵام هۆشیاریشیدا لەوەی لەهەندێک لە پارێزگاکان " گوێ نادرێتە ڕێنماییە تەندروستیەکان و نەخۆشیەکە دووبارە سەریهەڵداوەتەوە."

لە ئێستادا لە ئێران پارێزگای خۆزستان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG