Accessibility links

پەتای کۆڕۆنا لە ئێران لە پەرەسەندن دایە


گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٢١٨٠ کەسی دیکە نەخۆشی کوڕۆنایان گرتۆتەوە و ٥٨ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو گوتەبێژە ڕۆژێک پێشتر ژمارەی تووشبووانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمیر دا ١٨٦٩ کەس ڕاگەیاندبوو.

چوونە سەر پلەی ئەوانەی تووشی پەتای کوڕۆنا دەبن یان گیانیان پێ لە دەست دەدەن لە دەمێکدایە کە بە پێی بڕیاری ناوەندی سەرانسەری بۆ پەتای کۆڕۆنا لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو ناوەندەکانی ئاینی لە سەرانسەری ولات دا چالاک دەبن.

بە گوتەی کیانووش جەهان پوور تا ڕۆژی یەکشەمە، ژمارەی گشتی نەخۆشەکانی تووش بوو بە کوڕۆنا گەیشتوەتە ١٣٥ هەزار و ٧٠١ کەس. هەروەها بە گویرەی ئاماری فەرمی ئیران سەرجەم ٧٤١٧ کەس بە پەتای کوڕۆنا گیانیان لە دەست داوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەروەها گوتی لە سەرجەم ئەوانەی تووشی ئەو پەتایە بوونە "١٠٥ هەزار و ١٠٨ کەس چاک بوونەتەوە و ٢٦١٥ کەس لە ژێر چاودێری پزشکی دان.

ئاماری وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دۆخی کوڕۆنا لە ئێران لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە پێشتر هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیران و ئەندامانی ئەنجومەنی شار، لۆمەیان خستۆتە سەر ئەو وەزارەتە کە ئاماری ئەوانەی بە ئەو پەتایە مردوون، دەشارێتەوە.

هەروەها لە دەمێکدا ئەو ئامارە رادەگەیەندرێت کە لە ڕۆژی سێ شەمە را هەندێک کار و کاسبی پڕ مەترسی سەر لە نوێ چالاک دەبنەوە کە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەن.

XS
SM
MD
LG