Accessibility links

بە گوێرەی ئاژانسی پەیامنێری ئاسۆشێتێدپرێس هەشت پاسەوانی ئێران لە ماوەی شەڕ و پێکدادان لە گەڵ هێزێکی چەکدار لە نزیک سنوور لە گەڵ تورکیا کوژراون وەک تەلەڤزیۆنی ئێران رۆژی هەینی ڕاپۆرتی کرد.

شەڕەکە لە نزیک چاڵدران، ٨٦٥ کیلومێتری باكووری رۆژئاوای تاران لە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕوویدا.

ڕاپۆرتەکە گوتی کە پاسەوانانی سنووری ئێران ژمارەیەکی زۆریان لە هێزی چەکداری بەرامبەر کوشت.

ئاژانسی پەیامنێری ئیرنا سەر بە حکومەتی ئێران گوتەی عەلیڕەزا ڕادفەر، کاربەدەستێکی حکومەت لە هەریمەکە هێناوە کە دەڵێت هەروا بە دوای هێزی چەکداری بەرامبەردا دەگەڕێن. بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی کوژراوانی لایەنی بەرامبەر نەکرد.

ئەو ناوچەیەی نزیک سنورەکانی تورکیا، عێڕاق و ئێران پێشتر چەندین شەڕی لە گەڵ گرووپەکانی ئوپۆزسیۆنی کوردی ئێران ڕوویان داوە.

لە مانگی گەلاوێژ هێزەکانی سەرزەوی سوپای ئێران لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران تووشی شەڕ بوون. حیزبی دێمۆکڕات لە سەر ماڵپەڕی خۆی ڕایگەیاند کە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لە شەڕ لە گەڵ هێزەکانی سوپا زەبریان لێداون، بەڵام سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە وەک خۆی ناوی دەنێت ئەندامانی تیمێکی تێرۆریستیان لە ناوبرد.

XS
SM
MD
LG