بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئێران چالاکوانێکی ئازەری بە هۆی بەشداری کردنی لە خوپیشاندانێکی ساڵی ڕابردوودا کە پشتیوانی لە وڵاتی ئازەربایجان دەکرد کە ئەو کاتە لەگەڵ ئەرمەنستان لە شەڕدا بوو، بە سێ ساڵ زیندان سزا دەدات.
سەرچاوەکەی ناو ئێران لە چاوپێکەوتنێکی 8 ی مانگی یەکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند دادگای شۆڕش لە باکوری ڕۆژئاوای شاری ورمێ لە 2 ی مانگی یەکدا ئاگادارییەکی زارەکی بۆ ئەو سزایە بە پارێزەری چالاکوان سالار تاهیر ئەفشار ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکە ڕایگەیاند سزاکە دوای دادگایکردنی14ی مانگی دوانزە ڕاگەیەندراوە کە هەم پارێزەرو هەم چالاکوانەکە لە ورمێ، گەورەترین شاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران، تیایدا ئامادەبوون.
سەرچاوەکە وتیشی تاهیر ئەفشار بە تۆمەتی بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی نایاسایی سزای سێ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دژە حکومەتیش سزای یەک ساڵ زیندانیکردن سەپێندراوە بەسەریدا، کە ئەگەر سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا پووچەڵ نەکرێتەوە ئەوا ناوبراو دەبێت بە پێی یاسای ئێران قورسترین سزاکەی کە سێ ساڵە تێپەڕێنێت.
تاهیر ئەفشار پاش دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بە کەفالەت ئازادکرا و تا ئەنجامی کۆتایی دادگاییکردنەکەی دەتوانێت ئازاد بێت. سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا گوتی پارێزەری ناوبراو دەیەوێت لە ڕۆژانی داهاتوودا داوای پێداچوونەوە بۆ سزاکان پێشکەش بە دادگا بکات.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، ئەو چالاکوانە هەروەها بە هۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی حکومەتی لە مانگی 11ی 2019، سزای هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە. ئەو گوتی دادگای سزا و تاوانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی سزای هەشت مانگ زیندانی و لێدانی 20 جەلدە بەسەریدا سەپێندراوە، بەڵام سزاکانی بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاگیراوە. بەڵام گەر بێتو سزای سێ ساڵەکە پشتڕاست بکڕیتەوە ئەوا ئەو هەشت مانگەکەشی بۆ زیاد دەبێت.
دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دادوەرییەکان و سزاکان لە دژی تاهیر ئەفشار پشتڕاست بکاتەوە، چونکە لە ناو ئێران ڕێگا پێدراو نییە کار بکات. لە ناو میدیاکانی دەوڵەتی ئێرانیشدا هیچ ئاماژەیەک بە سزاکانی ناوبراو نەکراوە.
مانگی ڕابردوش ئێران سزای زیندانی کردن بۆ ماوەی پێنج ساڵی بەسەر چالاکوانێکی دیکەی ئازەربایجاندا بە ناوی عەلی عەزیزی سەپاند بە هۆی چالاکی مەدەنی ناوبراو دژی جیاکاری و نادادپەروەری نەتەوەی سەردەستی فارس و یاسای ئیسلامی.
بەپێی راپۆرتێکی مانگی سێی ساڵی 2018 ی رێکخراوی مافی کەمایەتییەکانی بەریتانیا (MRG) تورکە ئازەرییەکانی ئێران ژمارەیان 15 ملیۆن کەس دەبێت و بە پێی بەراوردێکی مانگی7ی ساڵی 2020 پەرتووکی ڕاستییەکانی جیهان U.S.CIA کۆی گشتی دانیشتوانی ئێران نزیکەی 85 ملیۆن کەس دەبن.
زۆرێک لە تورکە ئازەریەکانی ئێران بە زمانی تورکی ئازەری قسە دەکەن و حکومەتی ئێران ڕێگە نادات بە ئازەرییەکان لە قوتابخانەکاندا فێری زمانی خۆیان بن . چالاکوانانی تورکی ئازەری ڕەخنە لەوە دەگرن و دەڵێن ئەمە پێشێلکردنی بەندی 15ی دەستوری ئێرانە، کە ڕێگە دەدات زمانە ناوچەییەکان لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێن و لە میدیاکاندا بە کاربهێنرێن.
کاربەدەستانی ئێران لەمێژە ترسی ئەوەیان هەیە کە ڕێگەدان بە بەکارهێنانی زمانەکانی دیکەی ناو ئێران هەستی جوداخوازی و سەربەخۆیی لە ناو ئێراندا بوروژێنێت.