ئێران کێشه‌ی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ژینگه‌ی زۆره. له هه‌مان کاتدا، هه‌ندێک له چالاکانی سیاسی ناوخۆی ئێران که وه‌ک باڵێک له ده‌سه‌ڵات ده‌ناسرێن هه‌وڵ ده‌ده‌ن به شێوازێک ڕێگا بۆ گۆڕانکاری له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات له ئێران درووست بکه‌ن. یه‌ک له ئه‌وانه محه‌مه‌د خاته‌می سه‌رۆک کۆماری پێشوویه که هه‌وڵده‌دات کێشه‌کانی نێوان ڕێفۆرمخوازان و لایه‌نی پاوانخواز له ده‌سه‌ڵات که‌م بکاته‌وه.
یه‌ک له نوێترین هه‌وڵه‌کانی ئه‌و داواکردنی ئاشتی نیشتمانی له ئێران دایه. به‌ڵام ڕه‌خنه‌گران ده‌پرسن ئه‌م ئاشتیه له نێوان کام لایه‌نه‌کان ده‌بێت پێک بێت و خه‌ڵک چ ڕۆڵێکیان له ئه‌م پڕۆسه‌دا ده‌بێت؟
عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری ئێرانیش ده‌ڵێت ئاشتی نیشتمانی داواکارییه‌کی بێ مانایه و به وته‌ی ئه‌و خه‌ڵک ئه‌و که‌سانه‌ی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتیان له ساڵی 88ی هه‌تاوی دا ئازار داوه لێیان خۆش نابن.
پرسیار ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگای ئێران چه‌ند ئاماده‌ی ئه‌و چه‌شنه باسانه‌یه و ئایا بێ هه‌بوونی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌توانین چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکه‌ین که هیچ چه‌شنه ئاشتییه‌کی نیشتمانی له کۆمه‌ڵگایه‌ک پێک بێت که دابڕانی یه‌کجار زۆری ئه‌تنیکی، زمانی، ئاینی و سیاسی تێدایه؟
کێشه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ژینگه‌ی ئێران و له ئه‌وانه بارانی خۆڵ له پارێزگای خوزستان و کێشه‌ی ئاو به گشتی له ئێڕان چۆن ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و یان گۆڕینی که‌ش و هه‌وا چه‌ند کاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه بووه.
له به‌رنامه‌ی هه‌ڵۆ واشنگتن‌ی ئه‌م حه‌وتووه دا، میوانداری به‌ڕێزان دوکتور ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د پوور، کۆمه‌ڵناس و مامۆستای زانکۆ له شاری ناشڤیلی ئه‌یاله‌تی تێنێسی ئه‌مه‌ریکا، و هیوا بوتیمار، چالاکی ژینگه پارێز له به‌ریتانیا ده‌که‌ین.