Accessibility links

عەلی حەمەساڵەح: گۆڕان قەبوڵی ناکات لەحکومەتدا بێت و بەبەرچاویەوە قاچاخچێتی بکرێت


کاک عه‌لی حه‌مه‌ ساڵه‌ح
کاک عه‌لی حه‌مه‌ ساڵه‌ح

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات که هێزە فەرمیەکانی هەرێم بوون بە پاسەوانی ئەو قاچاخچیانەی کە لە رێگەی خاڵە سنوریەکانەوە شمەکی قاچاخ هاوردەی هەرێم دەکەن، دەڵێت"گۆڕان بۆ چاکسازی چووەتە نێو حکومەت و ئەمە قەبوڵ ناکات."

لەم گفتووگۆیە لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا، عەلی حەمە ساڵەح کە بزووتنەوەکەی بەشدارە لە حکومەتی هەرێمدا، باس لەوە دەکات لە رێگەی خاڵە سنوریەکانەوە، بەزەبری هێز جگەرەو دووگی ئاژەڵ و هێلکە و جۆرەها کاڵای قاچاخ هاوردەی هەرێم دەکرێت، دەڵێت"گومرگی تۆنێک جگەرە 45 دۆلارە، بەڵام بەرپرسان بە 10 دۆلار داخلی دەکەن."

عەلی حەمەساڵەح، ئاماژەی بەوەکرد نازانێت بەرپرسە قاچاخچیەکان کێن، چونکە خۆیان لە پێشی بارهەڵگرەکانەوە دانانیشن، تا بناسرێنەوە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت"ئەوانەی بەزەبری هێز شمەک داخل دەکەن و قاچاخچێتی دەکەن، ئەوانەن کە هێزیان لەبەردەستدایە."

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، کۆمەڵێک نموونەی بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو، ڕوونیکردەوە تەنها لەمانگی 8 ی ساڵی رابردوودا، 1232 بارهەڵگر جگەرەی قاچاخ هێنراوەتە هەرێم، ئەمە جگە لەوەی کۆمپانیا هەیە لە ئیبراهیم خەلیل بەناوی جۆراو جۆر مانگانە پێنج ملیۆن دۆلار دەبات، یاخود کۆمپانیا هەیە تەنها لە کاغەزی ئەیفۆردا، مانگانە 3 ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت، جەخت دەکاتەوە که‌ "کاڵا لەسوریاوە بەترانزێت هێنراوە، کەچی داخلی هەرێم کراوە، یانی خاڵە سنوریەکان بوونەتە گەورەترین ناوەندی گەندەڵی لەکوردستان."

دەربارەی ئەوەی کاڵا و شمەکی قاچاخ لە چەند وڵاتەوە داخلی هەرێم دەکرێت، عەلی حەمەساڵەح وتی"کاڵا هەیە لەتورکیاوە دەبرێتە ئێران و لەوێوە دەهێنرێتە هەرێم، هەشە لەبرایم خەلیلەوە دەبرێتە سوریاو لەوێوە دەهێنرێ، کۆمپانیاکان بەجۆرەها شێوە پارە دەبەن."

عەلی حەمەساڵەح، ئاماژەی بەوەکرد کۆمپانیاکان لەلایەن بازرگان و خەڵکی ئاساییەوە خاوەندارێتی ناکرێن، بەڵکو بەرپرسی باڵاو خاوەن هێزیان لەپشتە، دەڵێت،"ئێستا نوسینگە بە ئاشکرا لە سلێمانی هەیە، بە دەفتەرێک و دە گەڵا بارهەڵگرێک هێلکەت بۆ دێنێت."

دەشڵێت، "هەندێک بەرپرسی تر ئامێرێکی سۆنەر بە دووسەد هەزار دۆلار دەکڕن و دەیبەن لە خاڵە سنوریەکان دایدەنێن، لەوێ مانگی یەک ملێۆن دۆلاری پێ دەردەکەن."

ئاشکراکردنی ئەو نهێنیانە لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لەکاتێکدایە وەزیری دارایی سەربە بزووتنەوەی گۆڕانە و سەرۆکی حکومەتیش جەختی لەسەر چاکسازی کردۆتەوە، لەمبارەیەوە عەلی حەمەساڵەح وتی"سەدان بەڵگەنامەمان داوەتە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان، چاوەڕێی ئەنجامین، گەر لێپێچینەوە نەکرێت، وەڵا من ئامادەنیم لەبەرچاوم، سەدان ملیۆن دۆلار بدزرێت و پێشم بوترێ شەریکی، بۆیە بێ هەڵوێست نابین."

سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو لایەنێکی بەشدار لەحکومەت، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، وتی"رێکخەری گشتی گۆڕان لە کۆبوونەوەی حیزبەکاندا بەتوندی قسەیکردووە، کۆبوونەوە دەکەین، پێموایە گۆڕان ئەوە قەبوڵ ناکات لە حکومەتدا بێت و بە بەرچاویەوە قاچاخچێتی بکرێت و بەرپرسان بەسەدان ملیۆن دۆلار ببەن."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حەمەساڵەح باسی لەهێنانی مادە هۆشبەرەکانیش کرد، روونیکردەوە بازاڕەکانی هەرێم پڕبوون لە مادەی هۆشبەر، هۆکارەکەی شلی خاڵە سنوریەکانە، بەتایبەت کە بەسەدان بارهەڵگر بەدوای یەکداو بێ پشکنین دێنە هەرێم، وەک ئەو دەڵێت،"بە ئاشکرا هێزی دەوڵەت بووەتە پاسەوانی قاچاخچی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:36 0:00


XS
SM
MD
LG