ڕێبه‌رانی عه‌ره‌ب له میسر کۆبوونه‌ته‌وه بۆ تاووتوێ کردنی باری ئابوری و گه‌شه‌دانی هه‌رێمه‌که که له ئاکام خۆنیشاندان له به‌رامبه‌ر بێ‌کاری زۆر و گرانی، حکومه‌تی تونسی ڕوخاند.
عه‌مرو مو‌سا سکرتێری گشتی کۆمکاری عه‌ره‌ب هوشداری دا به ڕێبه‌رانی هه‌رێمی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و گوتی هه‌ژاری، بێ‌کاری و باری خه‌راپی ئابوری کاریگه‌ری به سه‌ر هه‌رێمه‌که‌دا هه‌بووه.
چاوه‌ڕێ ده‌کرێت ڕێبه‌ره‌کان له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه که له هاوینه‌هه‌واری شه‌رم ئه‌لشێخ به‌ڕێوه‌ده‌چێت پڕوگرامێکی 2 ملیار دۆلاری ڕابگه‌یه‌نن بۆ خۆڵقاندنی ئیش و کار و ده‌ست پێشخه‌ری بۆ کارداری بچوک له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بدا.
کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌دواچوونی کۆبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌یه که له 2009 دا له کوێت به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌باره‌ت به گره‌نگی ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه، مۆعته‌به‌ر شێروانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ دکتۆر جه‌بار قادر پسپۆری کاروباری ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست سازداوه.
دکتۆر قادر ده‌ڵێت وڵاتانی عه‌ره‌ب ڕوبه‌روی زۆر قه‌یران و کێشه‌ن به‌ڵام به تایبه‌تی له ڕه‌هه‌نده ئابوری و کۆمه‌ڵایتییه‌کان قه‌یرانێکی زۆر هاتۆته پێشه‌وه جا بۆیه ڕژێمه عه‌ره‌بیه‌کان ترسیان لێکه‌وتووه. ئه‌و ده‌ڵێت ده‌بێت گۆڕانکاری ڕیشه‌یی بکرێت به تایبه‌تی له سیسته‌می خوێندندا چونکه یه‌کێک له کێشه هه‌ره گه‌وره‌کانی وڵاتان عه‌ره‌ب ئه‌وه‌یه که شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه مرۆڤیه‌کان به شێوه‌یه‌کی زۆر خراپ به‌رێوه‌ده‌چیت. ژماره‌یه‌کی زۆر زانکۆ له وڵاتانی عه‌ره‌بدا هه‌یه ژماره‌یه‌کی زۆرتر له ده‌رچوان پێده‌گه‌یه‌نن به‌ڵام ئه‌مانه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان توانای ململانێ‌یان نیـیه و توانای پێشبرکێیان نیـیه له بازاڕه‌کاندا واته ناتوانن وه‌ڵامی داخوازییه‌کانی بازاڕی ئه‌م سه‌رده‌مه بده‌نه‌وه چونکه سیسته‌می خوێندنیان دواکه‌وتووه.