Accessibility links

بایدن و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل دەکەن


لە کاتێکدا ئەو ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل کە بووە هۆی وەستاندنی شەڕەکە و ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە لە کۆتاییەکەی نزیک بووەتەوە، ڕۆژی،دووشەممە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە زیادیکرد.

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی وەستانەکە دەبێت بەردەوام بێت تاوەکو ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە غەززە و بارمتەی زیاتری ئیسڕائیلی ئازاد بکرێن، بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەنگی خۆیان خستە پاڵ داواکەی بایدن.

ئەگەر ئاگربەستەکە درێژ نەکرێتەوە، ئەوا کاتژمێر 7 ی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ماوەکەی تەواو دەبێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتەوە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕە سەختەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل. ئاگربەستەکە ئێستا لە چوارەمین ڕۆژیدایە و کۆتا ڕۆژە.

وەکو بەشێک لە ئاگربەستەکە، تاوەکو ئێستا حەماس 39 بارمتەی ئیسڕائیلی ئازاد کردووە، بە منداڵێکی حەوت ساڵانیشەوە کە دایک و باوکی لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل کوژران.

بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، ئیسڕائیل لە بەرامبەردا 117 زیندانی فەلەستینی ئازاد کردووە. 19 هاووڵاتی بیانیش کە لە غەززە لەلایەن حەماسەوە وەکو بارمتە گیرابوون بەپێی ڕێککەوتنێکی جیا ئازاد کراون.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی " ئەوە ئامانجمانە، بەردەوامی بەم وەستانە بدەین بۆ دوای سبەینێش، بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەی زیاتر ببینین ئازاد بکرێن و یارمەتی مرۆیی زیاتر بگاتە دەستی ئەو کەسانەی کە لە غەززە پێویستییانە." هەروەها داوای کرد ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لە لابردنی حەماس لە غەززە بوەستێت " هەتاوەکو ئەو کاتەی کە بارمتەکان ئازاد دەکرێن."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ جەختی لەم داوایەی بایدن کردەوە، لە کاتێکدا کە ئاگربەستەکە چووەتە دوایین 24 کاتژمێرییەوە، وتی " وەستانەکە دەبێت درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و درێژخایەن بێت، لە هەمان کاتدا کارکردن بۆ چارەسەرێکی سیاسیی."

بۆڕێڵ وتی " هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بهێنێتەوە بۆ ئەو کارە دڕندەییە بێ جیاوازییەی کە حەماس دژی هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجامیدا. بەڵام ترسناکییەک نابێت ببێتە پاساو بۆ ترسناکییەکی دیکە."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگیش بە هەمان شێوە جەختی لەو داوایە کردەوە، ئەوەش پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ لە بڕۆکسل.

ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " داوای درێژکردنەوەی وەستانەکە دەکەم. ئەمە ڕێگە دەدات بە یارمەتیی پێویستی زیاتر بۆ هاووڵاتییانی غەززە و ئازادکردنی بارمتەی زیاتر."

حەماس ئاماژەی بە خواستی خۆی داوە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، سەرچاوەیەک بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت حەماس بە نێوەندگرەکانی وتووە کراوەیە بە ڕووی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ " دوو بۆ چوار ڕۆژی " دیکە.

سەرچاوەکە کە نزیکە لە حەماسەوە وتی " حەماس باوەڕی وایە دەتوانێت دڵنیایی بدات لەسەر ئازادکردنی 20 بۆ 40 زیندانی " لەو ماوەیەدا.

بەپێی ئاگربەستەکە، بڕیاربوو 50 بارمتە کە لەلایەن حەماسەوە گیراون لە ماوەی چوار ڕۆژی ئاگربەستەکەدا ئازاد بکرێن، لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات. ئەو میکانیزمەی قسەی لەسەر کراوە ئەوەیە ئەگەر ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە ئەوا دەبێت بۆ هەر ڕۆژێکی زیادە 10 بارمتەی ئیسڕائیلی ئازاد بکرێن.

بەڵام باوەڕوایە هەندێک لە بارمتەکان لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی دیکەی فەلەستینییەکانەوە گیرابێتن جگە لە حەماس، ئەمەش ئەو ئەگەرەی دروست کردووە کە ئازادکردنییان لە داهاتوودا ئاڵۆز ببێت. ئیسڕائیلیش بە هەمان شێوە لەلایەن خێزانی بارمتەکان و هاوپەیمانەکانییەوە فشاری لەسەرە تاوەکو ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی بارمتەی زیاتر ئازاد بکرێن.

ڕۆژی یەکشەممە سێیەمین گروپی بارمتەکان ئازاد کران، منداڵێکی ئەمەریکاییان تێدا بوو بە ناوی ئابیگەیلەوە، کە تەمەنی چوار ساڵە و دایک و باوکی لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراون.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی " چ دڵخۆشییەکە کە دەیبینین لەگەڵماندایە، بەڵام بە داخەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێک کە تێیدا دایک و باوکی نیە."

وتی " دایک و باوکی نیە، بەڵام تەواوی گەلێکی هەیە کە لە خۆی دەگرێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG