Accessibility links

پێشبینی دەکرێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئۆکرانیا دۆسیەی تاوانی جەنگ دژی ڕووسیا دەستپێبکات


ڕۆژی دووشەممە سەرچاوەیەک ڕایگەیاند دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پلان دادەنێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی ڕووسیا کە بە زۆرەملێ منداڵانیان لە ئۆکرانیاوە گواستۆتەوە بۆ ڕووسیا و ژێرخانەکانی هاوڵاتیانی مەدەنییان کردۆتە ئامانج، ئەمەش یەکەمین دۆسیەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو تاوانانەی جەنگ کە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە سەریانهەڵداوە.

سەرچاوەکە وتی مۆڵەتی دەستگیرکردنەکان ڕەنگە تاوانەکانی جینۆسایدیش لە خۆبگرن، پێشبینی دەکرێت لە " ماوەیەکی کورت خایەندا " ئەو مۆڵەتانە بدرێن، ئەگەر لەلایەن دادوەری پێش دادگاییکردنەکانەوە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پەسەند بکرێن.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە بە مەبەست ژێرخانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا کردبێتە ئامانج، دەڵێت ئامانج لە هێرشەکانی کەمکردنەوەی تواناکانی شەڕکردنی ئۆکرانیایە. هاوکات ئەو پڕۆگرامەی نەشاردۆتەوە کە تیایدا هەزاران منداڵی ئۆکرانی گواستۆتەوە بۆ ڕووسیا، بەڵام وەکو هەڵمەتێکی مرۆیی پیشانیداوە بۆ پاراستنی منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەو منداڵانەی کە لە ناوچەکانی جەنگدا بەجێدەهێڵدرێن.

کیێڤ دەڵێت هەزاران منداڵی ئۆکرانی کە لە وڵاتی خۆیانەوە گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا خراونەتە ناو خێزانە ڕووسییەکانەوە، لە کامپ و خانەی بێ دایک و باوکاندا نیشتەجێ دەکرێن و پاسپۆرتی ڕووسییان پێدەدرێت و گەورە دەکرێن تاوەکو ڕەگەزنامەی ئۆکرانی خۆیان ڕەت بکەنەوە و خۆیان بە ڕووسی بزانن.

ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی جنێڤ " گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گروپێک بۆ گروپێکی دیکە " بە یەکێک لەو پێنج کارە دادەنێت کە بە جینۆساید ناساندوونی، سەرچاوەکە وتی " بەو شێوەیە دەردەکەوێت."

کیێڤ چەندین لێکۆڵینەوەی تاوانی جەنگی دژی سەربازانی ڕووسی ئەنجامداوە، سەربازانی ڕووسیایان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتاری و دەستدرێژیکردنی سێکسی و داگیرکردنی ناوچەکان. ئەو تۆمەتانەی کە لێکۆڵەرەوانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تاوتوێیان کردووە ڕەنگە بەرپرسانی ڕووسیاش بگرنەوە، ئەو بەرپرسانەی کە بەرپرسن لە دانانی سیاسەتەکان، نەک تەنها ئەو کەسانەی کە تاوانەکانیان ئەنجامداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG