Accessibility links

کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان لەسەر کودەتا سەربازییەکەی بورما


کودەتا سەربازییەکەی بورما و دەستگیرکردنی ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچی و بەرپرسانی دیکە لەلایەن سوپای وڵاتەکەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد، لەسەرووشیانەوە ئەمەریکا.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمەریکا دژایەتی هەر هەوڵێک دەکات بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بورما یاخود کۆسپ خستنەبەردەم گۆڕانی دیموکراسی لە بورمادا، هەروەها ڕێوشوێن دژی بەرپرسانی کودەتاکە دەگرێتەبەر ئەگەر لەو کارە پەشیمان نەبنەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە سوپای بورما کرد " سەرجەم بەرپرسانی حکومەت و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئازاد بکەن و ڕێز لە ئیرادەی گەلی بورما بگرن کە لە هەڵبژاردنەکانی 8 ی مانگی یانزەدا دەنگیان لە بەرژەوەندی دیموکراسی داوە."

لە 29 ی مانگی یەکدا ئەمەریکا داوای لە سوپای بورما کرد پابەندی " پێوەرە دیموکراسیەکان " بن، ئەمە لەکاتێکدا سەرکردەی سوپای بورما جەنەڕاڵ ئۆنگ هلینگ کە دەسەڵاتدارترین کەسایەتیە لە بورمادا پێشنیاری " هەڵوەشاندنەوەی " دەستووری وڵاتەکەی کرد لەژێر هەندێک بارودۆخی دیاریکراودا.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا شاڕڵ میشێل وتی " بەتوندی سەرکۆنەی کودەتاکە دەکەین و داوا دەکەین سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن، دەبێت ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگیرێت و دووبارە پڕۆسەی دیموکراسی دەستپێبکاتەوە."

هەروەها وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێل لە تویتێکدا وتی " گەلی بورما دیموکراسی دەوێت، یەکێتی ئەوروپا لەگەڵیدایە."

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریز پاین وتی " داوا لە سوپا دەکەین ڕێز لە دەوڵەتی یاسا بگرێت و لەڕێی ڕێکارە یاساییەکانەوە ناکۆکییەکان چارەسەر بکات و بەزووترین کات سەرجەم بەرپرسە سیاسییەکان و هەموو ئەوانەی دیکە کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون ئازاد بکات."

هەروەها سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بە هەمان شێوە سەرکۆنەی کودەتاکەی بورما و دەستگیرکردنە " نایاساییەکەی " ئۆنگ سان سوچی کرد.

جۆنسن لە تویتێکدا وتی " سەرکۆنەی کودەتاکەی بورما و دەستگیرکردنی نایاسایی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەم، لەوانەش ئۆنگ سان سوچی، دەبێت ڕێز لە دەنگی گەل بگیرێت و ڕابەرە مەدەنییەکان ئازاد بکرێن."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە بەیاننامەیەکدا بە " توندی " سەرکۆنەی کودەتاکە و دەستگیرکردنی ئۆنگ سان سوچی کرد.

هەروەها چین داوای لە هەموو لایەنەکانی بورما کرد " ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن ".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " چین دراوسێی بورمایە و هیوادارە لایەنە جیاوازەکانی بورما لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەقامگیری سیاسیی و ئابووری وڵاتەکەدا."

هەریەک لە وڵاتانی دیکەی وەکو ژاپۆن و هیندستان و سینگاپوور و نوێنەری کەنەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە کودەتاکەی بورما دەربڕی.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG