Accessibility links

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی: ئێران هەنگاوەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر کردووە


بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی یوکیا ئامانۆ

بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی یوکیا ئامانۆ وتی ئێران هەنگاوەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر کردووە و وتیشی نیگەرانە سەبارەت بە گرژییەکان.

لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیادیکرد، ئەمەش دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە مەبەست لێی سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانە و لەبەرامبەردا سزا ئابوورییە نێودەوڵەتیەکان لەسەر ئێران لادەبرێن.

لە دەستپێکی مانگی پێنجەوە ئەمەریکا سزاکانی بۆ سەر ئێران چڕکردەوە و فەرمانی بە هەموو وڵاتان و کۆمپانیا جیهانیەکان کرد چیتر نەوتی ئێران نەکڕن، ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبنەوە.

هەروەها ئەمەریکا هێزی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، وەکو بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەم هەنگاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە وەڵامی ئەمانەدا، ئێران ڕێژەیەکی زیاتر لە یۆرانیۆمی پیتاند و وتی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە شتێکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپییەکان کە هێشتا پشتیوانی لێدەکەن، ئەمەش لەڕێی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکەوە تاوەکو ئێران ئەو دەستکەوتە ئابوورییانە وەربگرێت کە بەڵینی پێدراوە.

ئامانۆ کە دەزگاکەی بەرپرسە لە چاودێریکردنی ئێران تاوەکو بزانێت پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە، وتی تاران ئێستا بڕێکی زۆر زیاتر لە یۆرانیۆم دەپیتێنێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئەو بڕە لەوە زیاترە کە ڕێگەی پێدراوە بەپێی ڕێکەوتنەکە لە کۆگاکانیدا بمێنێتەوە یاخود نا.

هەروەها کاتێک سەبارەت بەوەی کە ئایا ئێران هەنگاوەکانی خێراکردووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمن پرسیاری لێکرا، ئامانۆ وتی " بەڵێ، ڕێژەی بەرهەمهێنان لە زیادبووندایە." بەڵام ڕێژەکەی دیاری نەکرد.

لە دواین ڕاپۆرتی دەزگاکەدا هاتووە دەڵێت ئێران تاوەکو 20 ی مانگی پێنج پابەند بووە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە.

مانگی ڕابردوو ئێران وتی هێشتا پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە بەڵام بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بۆ چوار هێندە زیاد دەکات، هەروەها تاران داوای لە وڵاتانی ئەوروپی کرد شتی زیاتر بکەن بۆ پاراستنی ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG