Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت ئێران ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی پێشێلکردووە


نوێنەری ئەمەریکا بۆ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی جاکی واڵکۆت

ئەمەریکا وتی بەکارهێنانی ئامێری جیاکەرەوەی پێشکەوتوو لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەیە کە ئەمەریکا لێی کشایەوە، بەڵام دووبارە ئامادەی خۆی پیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا.

لە بەیاننامەیەکدا لەبەردەم ئەنجومەنی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا، ئەمەریکا وتی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە ئەمەریکا ناچار ناکات واز لە فشارەکانی بهێنێت بۆ سەر تاران.

ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان ڕێگە بە تاران دەدات هەزاران ئامێری جیاکەرەوەی جۆری ئەی ئاڕ 1 بەکاربهێنێت، بەڵام ئامێرە جیاکەرەوە پێشکەوتووەکانی قەدەغە کردووە.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا هاتووە دەڵێت ئێران نزیکەی 33 ئامێری جیاکەرەوەی پێشکەوتووی لە جۆری ئەی ئاڕ 6 داناوە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا تەنها 10 ئامێری لە تاقیکردنەوەی فلۆریدی یۆرانیۆمدا بەکارهێناوە.

ڕێکەوتنەکە ڕێگە بە ئێران دەدات نزیکەی 30 لەمجۆرە ئامێرە بەکار بهێنێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ و نیو بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەدا.

دەزگاکە ئاماژەی بەوە نەدا کە ئاخۆ ئێران پابەند بووە بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە یاخود نا، وتیشی پێویستە لەسەر لایەنەکانی ناو ڕێکەوتنەکە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن.

نوێنەری ئەمەریکا جاکی واڵکۆت لە بەیاننامەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنەکە وتی " ئێران دەیوت هێشتا پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدات ئێران ڕێکەوتنەکەی پێشێلکردووە، دەبێت ئەوە هەموومان نیگەران بکات."

واڵکۆت داوای لە لایەنەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە کرد ڕێوشوێن بگرنەبەر.

وتیشی " ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات بەبێ هیچ دواکەوتنێت بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکەوە. دەزانین ڕێکەوتنەکە بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات."

واڵکۆت دووبارە جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا هێشتا کراوەیە لەبەردەم گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێراندا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی تەواو و کۆتای هێنان بە هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکەی ئێران لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG