بەپێی ڕاپۆرتێک کە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی داوای لە ئێران کردووە ڕوونکردنەوە بدات لەسەر کارخانەیەکی ناوەکی کە گومانی دروستکردووە، ئاماژەی بەوەدا ئەو زانیارییانەی بە دەزگاکە دراوە " لەڕووی تەکنیکیەوە ڕاست نین."
دوای چەند مانگێک لە ڕێگە نەدان بە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان، تاران لە مانگی نۆدا ڕایگەیاند ڕێگە بە پشکنەرە نێوەدەوڵەتیەکان دەدات بچنە ئەو دوو کارخانە ناوەکییەوە کە گومانیان لێدەکرێت لە ماوەی ڕابردوودا چالاکی ناوەکیی ڕێگە پێنەدراویان تیادا کرابێت.
هێشتا ئەنجامی شیکارییەکان بۆ دوو کارخانەکە دەرنەکەوتووە کە لە مانگی نۆدا پشکنینیان بۆ کراون، بەڵام کارخانەی سێیەم جێی پرسیارە، ئەوەش ئەو کارخانەیەیە کە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی هەندێک زانیارییان سەبارەت بە کارخانەکە داوە، " دەزگاکە بە ئیرانی ڕاگەیاندووە هێشتا وەڵامدانەوەی ئێران لەڕووی تەکنیکیەوە ڕاست نیە."
دەزگاکە وتی بە داخەوەیە بۆ " ئەو کاتەی کە بەفیڕۆی داوە " و داوای " ڕوونکردنەوەیەکی تەواو و خێرای لە ئێران کرد سەبارەت بە بوونی شوێنەواری یۆرانیۆم لەو کارخانەیەدا کە پێشتر ئاشکرا نەکراوە."
سەرچاوە سیاسییەکان بە فرانس پرێسیان وت کارخانەکە دەکەوێتە تورکوزئابادەوە لە تاران، پێشتریش ئیسڕائیل ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لەو شوێنەدا چالاکی ناوەکی نهێنی ئەنجام دەدات.
بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی لە مانگی سێدا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەم بابەتە و وتی " دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم شتێکی زۆر گرنگە، ئەوە مانای ئەوەیە دەکرێت چالاکی و ماددەی ناوەکی لەو شوێنەدا کرابێت و بەکارهاتبێت کە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا نیە و نازانین سەرچاوەکەی کوێیە یاخود بەرەو کوێ دەڕوات."
سەرچاوە/ فرانس پرێس