Accessibility links

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەکانی لە تاران دەستپێدەکات


بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی

ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا دەستپێکرد، ئەمەش پێش کۆتای هاتنی ئەو ماوەیەی ئێران دیاریکردووە بۆ کەمکردنەوەی کاری پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان ئەگەر هاتوو ئەمەریکا سزاکانی سەر تاران لانەبات.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە گرۆسی گەیشتە تاران و بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ئەکبەر ساڵحیدا کۆبۆوە.

تاوەکو ئێستا دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی ئێرانیش ئاماژەیان بەوە نەداوە گرۆسی پێش کۆتای هاتنی سەردانەکەی لە ڕۆژی یەکشەممەدا کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی ئێراندا ئەنجام دەدات یاخود نا.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان زلهێزانی جیهان و ئێران کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

ساڵێک دوای کشانەوەی ئەمەریکا، ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێ دەخست.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕێكەوتنە ناوەکییەکە، بەڵام بەمەرجێک سەرەتا ئێران دووبارە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی ببێتەوە، بەڵام تاران جەخت لەوە دەکاتەوە سەرەتا دەبێت ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران لاببات، هەروەها دەشڵێت ئەگەر ئەمەریکا ئەو هەنگاوە بنێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێران دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی دەبێتەوە.

بەپێی یاسایەک کە ئەنجومەنی شورای ئێران لە مانگی دوانزەدا پەسەندی کردووە، ئەگەر ئەمەریکا تاوەکو 21 ی مانگی دوو سزاکانی سەر ئێران لانەبات ئەوا دەبێت تاران جێبەجێکردنی خۆبەخشانەی پڕۆتۆکۆڵەکانی دیکەی پەیوەست بە پەیماننامەی سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی ڕابگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتوبەند خستنەسەر هەندێک لە چالاکییەکانی پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان لە ئێران.

لەلای خۆیەوە ڕۆژی یەکشەممە ساڵحی وتی ئەم هەنگاوە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتی " لایەنەکەی دیکە تاوەکو ئێستا ئەرکەکانی بۆ لابردنی سزاکان جێبەجێ نەکردووە، بۆیە ئەرکەکانی پشکنین ڕادەگیرێت."

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی دوای گەڕانەوەی لە ئێران ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا ئەنجام دەدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG