Accessibility links

هیندستان دەڵێت کەمپی گروپـێکی توندڕەوی لە پاکستان بۆردومانکردووە


هیندستان دەڵێت فڕۆکە جەنگیـیەکانی هێرشێکی ئاسمانیـیان کردووەتە سەر کەمپـێکی توندڕەوان لە ناو خاکی پاکستان و لە ئاکامدا بە سەدان توندڕەو کوژراون.

ڤیجای گۆخەلی وەزیری دەرەوەی هیندستان ئەمڕۆ سێشەممە بۆ پەیامنێرانی ڕاگەیاند ئەو هێرشەی ئەمڕۆ کراوەتە سەر کەمپی مەشق و ڕاهێنانی گروپی ناسراو بە "جەیش محەمەد" بۆ خۆپاراستن بووە لە هێرشی دیکەی ئەم گروپە.

پـێشتر ئەم گروپە بەرپـرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لەو هێرشە خۆکوژیـیە لە 14 ی ئەم مانگە بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر هێزێکی نیمچە لەشکری لە کەشمیری هیندستان و بەهۆیەوە بە لایەنی کەم 40 سەربازی هیندی کوژران.

کاربەدەستانی هیندستان دەڵێن زانیاریـیان هەیە ئەم گروپە توندڕەوە پـلان بۆ هێرشی دیکە دادەڕێژن.

وەزیری دەرەوەی هیندستان گوتیشی هێرشەکە بە فڕۆکەی میراجی 2000 کراوەتە سەر کەمپەکە کە لە نزیک شارۆچکەی بالاکۆتە لە هەرێمی خەیبەر پەختوونخوای پاکستان وە لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆری توندڕەو کوژراون. گوتیشی ناکرێت دەسەڵاتدارانی پاکستان ئاگادار نەبن لەوەی ئەم گروپە کەمپی لە وڵاتەکەیاندا هەیە و لەوێ مەشق و ڕاهێنان بە سەدان کەس دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هیندستان بە ئاژانسەکانی هەواڵی گوتووە 300 چەکدار بە بۆردومانەکە کوژراون.

لە لایەکی دیکە جەنەڕاڵ ئاسف غەفور گوتەبێژی لەشکری پاکستان لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی فڕۆکەکانی هیندستان لە ئاسمانی ناوچەی موزەفەر ئابادەوە هاتوونەتە ئاسمانی پاکستانەوە. گوتیشی فڕۆکەکان لە نزیک بالاکۆت بۆمبەکانیان بەرداوەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووەتەوە.

هاوکات کۆمیتەی ئاسایشی نیشتمانی پاکستان کە ژمارەیەک کاربەدەستی باڵای وڵاتەکەی لە تێدایە، لەوانە عومران خان سەرۆک وەزیری پاکستان، لە بەیاننامەیەکدا گوتی بە توندی ڕاگەیاندنەکەی هیندستان ڕەتدەکەنەوە کە دەڵێت کەمپـێکی تێرۆرستانی لە نزیک بالاکۆت کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک زۆری کوشتووە.

XS
SM
MD
LG