Accessibility links

چین و هیندستان ڕێکەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر سنوور


وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند نیودەلهی لەگەڵ چیندا ڕێکەوتووە لەسەر وەستاندنی شەڕی نێوان سەربازانی دوو وڵاتەکە لەو ناوچانەی سنووری نێوان هەردوو وڵاتدا کە ناکۆکییان لەسەرە و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە

ئەم هەنگاوە پێش لوتکەی برێکس دێت کە بەڕازیل و ڕوسیا و ئەفریقای باشووری تێدایە و لە مانگی داهاتوودا لە چین بەڕێوەدەجێت و وا بڕیارە سەرۆک وەزیری هیندستان ناریندرا مۆدیش بەشداری بکات.

ڕووبەڕووبونەوەکانی نێوان هێزەکانی هیندستان و چین لە دۆکلام ڕوویدا کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هیندستان و بۆتان و چینەوە. لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە مەترسیدارترین و درێژترین ڕووبەڕووبونەوە بوو لەنێوان دوو وڵاتەکەدا لە ناوچەی سەر سنوور لە هیمالایا کە ناکۆکیی لەسەرە.

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند لەدوای گفتوگۆ سیاسییەکانەوە دوو وڵاتەکە ڕێکەوتوون لەسەر کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا ڕاشیگەیاند " لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هیندستان بەردەوام بووە لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی دۆکلام."

وتیشی " لەسەر ئەم بنەمایە رێکەوتن ئەنجامدراوە بۆ وەستاندنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی سەربازەکانی سەر سنوور لە دۆکلام."

لەلای خۆشیەوە چین ڕایگەیاند هێزەکانی هیندستان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هیمالایا کشاونەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ وتی هێزەکانی چین بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان لە ناوچەی دۆکلام.

وتیشی " بەپێی یاسا مێژوویەکانیی سنوورەکە چین بەردەوام دەبێت بە پابەندبوونی بە مافی سنورێتی خۆیەوە بۆ پاراستنی خاکەکەیی." و داواشی لە هیندستان کرد ڕێز لەو یاسایانە بگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG