Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن تایبه‌ت دەبێت بە هیوای سەربەخۆیی و کۆسپەکانی بەردەمی


لە مێژووی نوێی جیهاندا چەندان نەتەوە و پـێکهاتە توانیویانە بە سەربەخۆیی بگەن و دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم خواستە لە نێو چەندان نەتەوەی دیکە سەری هەڵداوە و هەتا ئەمڕۆش بە ئامانج نەگەیشتوون.

نوێترین پـێکهاتە کە دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیاند و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دانی‌پیادانا، سودانی باشور بوو کە ڕیفراندۆمێـکی بۆ ئەو مەبەستە سازکرد لەسەر بنەمای ڕێکەوتنـنامەیەک لەگەڵ حکومەتی سوداندا، ئەمەش پاش ئەوەی فشارێکی نێودەوڵەتی زۆر خرایە سەر خەرتوم.

کۆسۆڤۆش کە لە ساڵی 2008 وە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە، هەتا ئێستا نەبووەتە وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام 100 وڵات وەک دەوڵەت دانی‌پیاداناون.

ئەگەر بۆ ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردووش بگەڕێنەوە، دەبینین ئیسرائیل کە ڕیفراندۆمیشی بۆ سازنەکرا لە 14 ی مانگی پـێنجی ساڵی 1948 سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و دەستبەجێ لە لایەن ئەمەریکاوە وەک دەوڵەتێـکی ئەمری واقع مامەڵەی لەگەڵدا کرا و ڕووسیا لە پاش سێ ڕۆژ بە فەرمی دانی‌پیادانا و پەیوەندی دیپـلۆماسی لەگەڵدا دەسـتپـێکرد.

هەروەها چەندان نمونەی دیکە بۆ سەربەخۆیی هەن، بەڵام ئەگەر سەرنج لە هەریەکەیان بدەین دەبینین بە جۆرێک لە جۆرەکان بە لایەنی کەم لەلایەن چەند وڵاتێکەوە دانیانپـیادانراون.

ئەمڕۆش ئەوا لە هەرێمی کوردستان و هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا بۆ ئەم مەبەستە ڕیفراندۆم سازکرا و لە هەردوو هەرێمەکە دەنگی ئەڕێ بۆ سەربەخۆیی زۆرینەی هێنا، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کامیان وادەیەکی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەی دەستنیشان نەکردووە. هەرێمی کوردستان خوازیارە لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵام ئەم خواستەی بە تەواوی لەلایەن بەغدا ڕەتکراوەتەوە.

پـرسیار لێرەدا ئەوەیە، هۆکارەکان چین یارمەتی هەندێک نەتەوە و پـێکهاتە دەدەن بە دەوڵەتی خۆیان بگەن؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ ده‌بێت که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ده‌بن:
لەتیف فاتح فەرەج، نووسەر و ڕۆژنامەوان.
عەدنان کەرکوکی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئێوه‌ش ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی ئیمه‌یڵ و فه‌یسبوک ڕاوبۆچوون و پـرسیاره‌کانی خۆتان بۆ به‌رنامه‌که‌ ڕه‌وانه‌ بکه‌ن.

Email: kurdish@voanews.com

Facebook: voa.kurdish

XS
SM
MD
LG