Accessibility links

پێنتاگۆن کوژرانی موفتی گەورەی ڕێکخراوی داعش پشتڕاست دەکاتەوە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن کوژرانی یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ڕێکخراوی داعش پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت لە یەکێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی پێشووی هاوپەیماناندا کوژراوە.

وتەبێژی پێنتاگۆن کاپتن جێف دەیڤس بە ڕۆژنامەنووسانی وت تورکی ئەل بیناڵی ناسراو بە موفتی گەورەی ڕێکخراوی داعش لە ڕۆژی 31 ی مانگی پێنجدا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە مەیادین لە سوریا کوژراوە.

ئەل بیناڵی کەسێکی زۆر گرنگ بووە لە هێنانە ناوەوەی چەکدارانی بیانی بۆ ناو ڕێکخراوی داعش و پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەبووە لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی ڕێکخراوی داعشدا.

دەیڤس وتی " ئەو پڕوپاگەندەی بڵاوکردۆتەوە بۆ هاندانی چەکداران بۆ کوشتن و کاری خراپە. لە هەوڵەکانیدا بۆ هێنانە ناوەوەی خەڵک بۆ ناو داعش کۆمەڵێک وانە وتنەوەی تێدابووە بۆ ئەوەی هانی چەکدارەکان بدات خەڵکی بێتاوان بکوژن."

ڕاپۆرتەکان دەڵێن ئەل بیناڵی بیانوویی ئایینی هێناوەتەوە بۆ بە کۆیلەکردنی سەدان ئافرەتی یەزیدی عێراقی.

کوژرانی ئەم کەسە زیانێکی گەورەی لە داعش داوە لەکاتێکدا لە عێراق و سوریا بەرەو شکستخواردن دەچن.

کاربەدەستان دەڵێن هەندێک لە سەرکردەکانی داعش بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکان لە موسڵ و ڕەققە بەرەو مەیادین هەڵدێن.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG