Accessibility links

ڕێکخراوی کۆچبەران : ڕزگارکردنی شەش هەزار کۆچبەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دەریای ناوەڕاست


ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاند لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی شەش هەزار کۆچبەر لەسەر ڕێڕەوی سەرەکی نێوان باکووری ئەفریقا و ئیتاڵیا ڕزگارکراون.

ڕێکخراوەکە ئاماژەشی بەوەدا کە لەگەڵ باشبوونی کەش و هەوادا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ژمارەیەکی زیاتر رێگای ئاویی بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

جۆیل میلمانی وتەبێژی فەڕمی ڕێکخراوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا مانگی سێ کۆتایی نەهاتووە و پیشکەوتن لەگەڵ کاتدا دەکەین بۆ وەرگرتنی کۆچبەران کە ژمارەیان لە دەریای ناوەڕاستدا زۆر زۆر زیاتر بووە لە هەموو کاتێک پێشتر کە بینیبێتمان."

وتیشی " بە شێوەیەکی گشتی ئەمە لە بەهاردا ڕوونادات... بەوشێوەیە ژمارەیان زیاد بکات، بەڵام ئاسایی نییە لەم کاتە زووەی بەهاردا ژمارەکە بگاتە ئەم ئاستە بەرزە و حاڵەتی مردنیش لەگەڵیدا زیادبکات."

کاربەدەستانی ئەوروپا و ئیتاڵیاش وتیان ئامادەن یارمەتی و هاوکاری دارایی بنێرن بۆ لیبیا بۆ هاوکاریکردنیان لە دژی قاچاخچییەکان کە چالاکییەکانیان زیادی کردووە بەهۆی نەبوونی حکومەتەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2011دا معەمەر قەزافی لەناوبرا.

شایەنی باسە لە سەرەتای ساڵەوە 16248 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا کە لەچاو ساڵی ڕابردوودا ڕێژەکەیان بەرزبۆتەوە.

بەڵام ڕێژەی کۆچبەران کە گەیشتوونەتە ئەوروپا بەتایبەتی لە دوورگەکانی یۆنان بەشێوەیکی بەرچاو کەم بۆتەوە لەو کاتەوەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێگە بە کۆچبەران نەدرێت لە تورکیاوە بپەڕنەوە بۆ یۆنان لەبەرامبەر بەرژەوەندی سیاسیدا.

وە لە بەشەکانی تری ئەوروپا 20484 کۆچبەر هەتاکوو ئێستا لەمساڵدالەڕێی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەوروپا بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پاردا ڕێژەکە بەرزبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG