Accessibility links

ڕوانگەی سوری: لە هێرشێکدا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا 20 کەس کوژران


تیمەکانی فریاکەوتن وتیان لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا 20 کەس کوژران و لەنێویاندا 16 منداڵ هەیە کە پێشتر لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر قوتابخانەیەک هەڵهاتبوون.

خزمەتگوزاری بەرگری مەدەنی کە کار لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا دەکەن وتیان هێرشە ئاسمانیەکان لە گوندی کەفر بەتیخ ڕوویداوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ هەمان ژمارەی قوربانیانی داوە و وتیشی 15 کەس لە قوربانیان لە یەک خێزانن.

جێی ئاماژەیە ئیدلب گەورەترین ناوچەیە کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا ماوەتەوە و خەڵکانێکی زۆریشی لێدەژین.

هێزەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی ماوەیەکە هێرشی چڕ دەکەنە سەر غوتەی ڕۆژهەڵاتی نزیک دیمەشقەوە.

کۆمەڵێک سەرچاوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە وتیان لە یەکێک لە بەشەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات ڕێکەوتنێک ئەنجامدراوە لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەتدا بۆ ئەوەی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن ناوچەکە لەڕێی ڕێڕەوێکی پارێزراوەوە ناوچەکە جێبهێڵن و ڕووبکەنە پارێزگای ئیدلب.

ڕوانگەی سوری وتی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە عەربینی غوتەی ڕۆژهەڵات 15 منداڵ و دوو ئافرەت گیانیان لەدەستداوە کە لەژێر زەمینی قوتابخانەکە خۆیان حەشار داوە.

حکومەتی سوریا و ڕوسیا کۆمەڵانی ئۆپۆزسیۆن بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدەن. هەرەوەها خزمەتگوزاری بەرگری مەدەنیش تۆمەتبار دەکەن بەوە کار لەگەڵ تیرۆریستاندا دەکەن و درۆ دروست دەکەن لەسەر کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەرگری مەدەنیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG