Accessibility links

هیومەن ڕایتس: سعودیە لەمساڵدا 48 کەسی لە سێدارەداوە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ " هیومەن ڕایتس وۆچ " ڕایگەیاند بەرپرسانی سعودی تا ئێستا لەمساڵدا 48 کەسیان لە سێدارەداوە و نیوەیان بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایە دراون.

ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی چوارشەممەدا ئاماژەی بەوەدا کەسانێکی دیکە ماون کە بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کراون و لە لیستی لەسێدارەداندان.

میری سعودیە محەمەد بن سەلمان مانگی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایمدا وتی دەکرێت لە هەندێک بواردا یاساکانی سعودیە بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی لە جیاتی لە سێدارەدانی تاوانبارەکە سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.

بە گۆڤارەکەی وت " دوو ساڵە لەڕێی حکومەت و ئەنجومەنی شورای سعودیەوە کاردەکەین بۆ دانانی یاسا نوێیەکان لەم بوارەدا. ئێمە پێمان وایە ئەوە ساڵێک دەخایەنێت، یان تۆزێک زیاتر، تاوەکو ئەمە بکەین."

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بۆ لقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سارە لیا ویتسن وتی " هەر پلانێک بۆ سنووردانان بۆ ئەو سزا لەسێدارەدانانەی کە پەیوەستن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەبێت چاکسازی لە سیستمی دادگاییشی لەگەڵدا بێت، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دابینکردنی دادگایییەکی دادپەروەرانە."

ڕێکخراوەکە ئاماژەشی بەوەدا کە سعودیە لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە نزیکەی 600 ئەرکی لە سێدارەدانی ئەنجامداوە کە زیاتر لە 200 کەسیان دۆسییەی ماددە هۆشبەرەکان بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG