Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سوپای میانمار تۆمەتبار دەکات


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هێزەکانی میانماری تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانی دەست درێژیکردنی سێکسی دژی ئافرەتان و کچانی ڕۆهینجیا لەچوارچێوەی ئەو کەمپینە سەربازییەی میانماردا لەدژی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا لە ویلایەتی ڕاخین.

ئەم تۆمەتەی ڕێکخراوەکەش دوای ئەوە دێت کە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان برامێلا باتن چەند جارێک باسی لە توندوتیژی سێکسی کردبوو لە میانمار.

باتن وتی " توندوتیژی سێکسی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی میانمارەوە فەرمانی پێکراوە و ئەنجامدراوە."

سوپای میانمار ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە لە دەستدرێژیکردنی سێکسی و کوشتن و تیایدا هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەو جەنەڕاڵەی بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 600 هەزار ڕۆهینجیا بەرەو بەنگلادیش هەڵبێن دوورخرایەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی ئەو کارانەیان کردوو و حکومەتی میانماریش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی لەگەڵ 52 ئافرەت و کچی ڕۆهینجیادا قسەی کردووە و 29 کەسیان پێیان ڕاگەیاندوون کە ڕووبەڕووی دەست درێژی سێکسی بوونەتەوە. ڕێکخراوەکەش وتی هەموو ئەم حاڵەتانە بێجگە لە یەک حاڵەتیان نەبێت ڕووبەڕووی دەست درێژی سێکسی بە کۆمەڵ بوونەتەوە.

توێژەری مافەکانی ئافرەت لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سکای ویڵەر کە ڕاپۆرتەکەی ئامادە کردووە وتی " سوپای میانمار لەنێو ئەو تاوانانەی دژی ڕۆهینجیا ئەنجامیان داوە دەست درێژی سێکسیشی تێدایە."

وتیشی " ئەو کردەوە کوێرانانەی سوپای بورما " میانمار " ئەنجامی داون زیانی بە ژمارەیەکی زۆری خەڵک گەیاندووە کە نابژێردرێن لە ئافرەت و کچ و ئێستا لە شۆکدا دەژین."

ڕێکخراوەکە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سزای قەدەغەکردنی ناردنی چەک بسەپێنێت بەسەر میانماردا و سزای دیکە بسەپێنێت بەسەر سەرکردەکانی سوپادا کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە دەست درێژی سێکسیشەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG