Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دانیشتنێک سەبارەت بە ڕۆهینجیا ساز دەکات


سەرچاوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیان واچاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی تایبەت سەبارەت بە تاوانەکانی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و کۆمەڵێک تاوانی دیکە کە لەدژی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا لە میانمارئەنجام دراون ساز بکات.

بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆیتەرزی وت " دانیشتنە تایبەتەکە لە پێنجی مانگی دوانزەدا ساز دەکرێت."

وتەبێژی ئەنجومەنەکە ڕۆلاند گۆمێز نەیتوانی بەروارەکە پشتڕاست بکاتەوە بەڵام وتی " هەندێک جووڵە هەیە بۆ سازدانی دانیشتنێکی تایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا."

دەبێت بەلایەنی کەمەوە 16 وڵات لەو 47 وڵاتەی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا داوای سازدانی دانیشتنێکی تایبەت بکەن کە ئەوەش شتێکی دەگمەنە. واچاوەڕوانیش دەکرێت بەنگلادیش و ئەو وڵاتانەی کە زۆرینەی دانیشتوانیان موسوڵمانە پشتیوانی لەو داوایە بکەن.

لە مانگی سێدا ئەنجومەنەکە تیمێکیان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنا. لێکۆڵەرەوان دوای یەکەم ئەرکیان لە بەنگلادیش لە مانگی ڕابردوودا وتیان پەنابەرانی ڕۆهینجیا کە لە میانمارەوە هەڵهاتوون باسیان لە کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی و سوتاندن کردووە.

جێی ئاماژەیە لە مانگی هەشتدا یەکەم شەپۆلی هەڵهاتنی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا لە ویلایەتی ڕاخینەوە بۆ بەنگلادیش دەستی پێکرد، دوای ئەوەی توندڕەوان چەند هێرشیان کردە سەر موڵگەکانی ئاسایشی میانمار و سوپای میانمار ئەرکێکی سەربازیی لە ناوچەکەدا دەستپێکرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ڕۆهینجیاکان بەرەو بەنگلادیش هەڵبێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG