Accessibility links

هەردوولایەنی جەنگی یەمەن یەکەمین کۆبوونەوەیان لە حودەیدە دەستپێکرد


بەرپرسانی نزیک لە حکومەتی یەمەنەوە ئاماژەیان بەوەدا هەردوولایەنی جەنگی یەمەن یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان لە حودەیدە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکردووە.

بەرپرسێکی حکومەتی یەمەن بە فرانس پرێسی وت " کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد، دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە." هەروەها ئاماژەشی بەوەدا پێشبینی ئەوە دەکرێت کۆبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە.

وتیشی نوێنەرانی حکومەت بە ئوتومبێلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گواستراونەتەوە بۆ ناو شاری حودەیدە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا لەمیانەی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوید هەردوولایەنی جەنگی یەمەن ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی شەڕ لە حودەیدە بوەستێنرێت و هەموو هێزەکان بکشێنەوە بۆ دەرەوەی حودەیدە، هەروەها لەلای خۆشیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی پێک هێنا بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە و کشانەوەی هێزەکان.

سەرچاوەیەکی سەربازیی هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە ئاماژەی بەوەدا لە وادەی دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە تا ئێستا 10 سەربازی ئەو هێزانە کوژراون کە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و 143 کەسی دیکە لە پارێزگای حودەیدە برینداربوون.

لەلای خۆشیانەوە حوثییەکان لەڕێی کەناڵی مەسیرەوە ئاماژەیان بەوەدا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی حکومەتی یەمەن 31 جار ڕێکەوتنەکەیان پێشێل کردووە.

جێی ئاماژەیە حوثییەکان زۆربەی شاری حودەیدەیان لەژێر دەستدایە و هێزەکانی حکومەتیش لە لێوار وباشوور و ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا هەن.

لە میانەی جەنگی یەمەندا دەیان هەزاران هاوڵاتی یەمەنی بەهۆی جەنگەوە تیاچوون، نزیکەی 14 ملیۆن هاوڵاتی دیکە لە مەترسی برسێتیدان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG