تورکیا هەفتەیەک دەبێت دەستڕاگەیشتنی بە ئینستاگرام قەدەغە کردووە، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت ئەو قەدەغەکردنە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینە.
بەرپرسانی تورکیا یاری ئۆنلاینی ڕۆبلۆکسی بەناوبانگیشییان قەدەغە کردووە.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوای لە حکومەتی تورکیا کرد قەدەغەکردنە لاببات و ڕێگە بە دەستڕاگەیشتن بە ئینستاگرام بدات، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئینستاگرامی بە " فاشیست " ناوبردووە و وەزیرەکانیشی لۆمەی ئینستاگرامییان کردووە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستانەی لانەبردووە کە تورکیا بە سوکایەتییان دەزانێت.
دێبرا بڕاونی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی " قەدەغەکردنی دەستڕاگەیشتنی هەمووان بە سەکۆیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕێوشوێنێکی زۆر ناشرینی ناهاوسەنگە کە مافی ئازادی ڕادەربڕین و مافی ملیۆنان کەس بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان پێشێل دەکات."
وتی " دەبێت دەستبەجێ ئەو ڕێوشوێنە لاببرێت."
هەفتەی ڕابردوو بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی ئەردۆغان، فەهرەتین ئاڵتون، ئینستاگرامی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی سانسۆڕکردن. وتی ئینستاگرام ڕێگری لە خەڵکەکە کردووە لە دەربڕینی پرسەی خۆیان لەسەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرکردەی سیاسی حەماس.
هەنییە لە هێرشێکدا لە تاران کوژرا، بەرپرسیارێتی هێرشەکەش خراوەتە پاڵ ئیسڕائیل.
ئەردۆغانی هاوپەیمانی هەنییە، ڕۆژی دووشەممە وتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان " تەنانەت ناتوانن بەرگەی وێنەی شەهیدەکانی فەلەستینییەکان بگرن بەبێ ئەوەی دەستبەجێ قەدەغەیان نەکەن."
نزیکەی 50-60 ملیۆن بەکارهێنەری ئینستاگرام لە تورکیادا هەن و زۆرێک لە کارەکان بۆ بازرگانی و دۆزینەوەی کڕیار بەکاریدەهێنن.
دەستەی بازرگانانی ئەلیکترۆنی تورکیا باسی لەوە کردووە قەدەغەکردنەکە زیانێکی بە بڕی نزیکەی 1.9 ملیار لیرەی تورکیایی هەبووە، یاخود نزیکەی 57 ملیۆن دۆلار لە کاری ڕۆژانەدا لە دەستچووە.
یامان ئاکدینیز و هاودامەزێنەری دەستەی ئازادی ڕادەربڕین وتی ڕاگرتنی ئینستاگرام " کارێکی ناهاوسەنگ و زۆرەملێ " بووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕێوشوێنەی گیراوەتەبەر " بەبێ فەرمانی پێشوەختی دادگا " بووە.
وەزیری ژێرخان و گواستنەوەی تورکیا عەبدولقادر ئورالۆغلۆ ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ نوێنەرانی ئینستاگرامدا کۆبووەوە، بەڵام کێشەکان هێشتا چارەسەر نەکراون.
ئورالۆغلۆ هەفتەی ڕابردوو وتی ڕاگرتنی ئینستاگرام بەهۆی ئەوەوە بووە کە ڕەتی کردووەتەوە " بابەتە تاوانەکان " لاببات.
ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی تورکیا یاری ئۆنلاینی ڕۆبلۆکسیان قەدەغە کرد، کە سەکۆیەکە ڕێگە دەدات بەکارهێنەران یاری خۆیان دروست بکەن و زیاتر لە 41 ملیۆن جار لە تورکیا داونلۆد کراوە.
وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ وتی " یارییەکە ناوەڕۆکی تێدایە کە سوکایەتی بە منداڵان دەکات." دادوەرانیش لە ئەدەنە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: قەدەغەکردنی ئینستاگرام لەلایەن تورکیاوە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینە