Accessibility links

حوسییەکان دەڵێن دامەزراوەیەکی سەر بە ئارامکۆی سعودیەیان کردۆتە ئامانج


حوسییەکانی یەمەن دەڵێن دامەزراوەیەکی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیەیان لە شاری جەدە کردۆتە ئامانج، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی هێرشەکاندا بۆ سەر سعودیە.

وتەبێژی سەربازی حوسییەکان یەحیا سەریع لە تویتێکدا وتی " بەیانی ئەمڕۆ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە لە جەدە لەڕێی موشەکی جۆری قودسی 2 وە کراوەتە ئامانج و ئامانجەکەی بە وردی پێکاوە."

ئەم هێرشەی حوسییەکان دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر دوو سەرکردەی باڵای حوسییەکاندا لە یەمەن و بە تۆمەتی " پلانگێڕان بۆ هێرشەکانی " سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و وڵاتانی دراوسێ و کەشتیە بازرگانییەکان تۆمەتباریکردن.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە لە زاری بەیاننامەیەکی هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیەوە بڵاویکردەوە هاوپەیمانێتیەکە بەرپەرچی موشەکێکی باڵیستیکی داوەتەوە کە حوسییەکان بە ئاڕاستەی شاری جازانی باشووری وڵاتەکە هەڵیانداوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG