Accessibility links

حوثیـيەکان هێرشێکی موشەکی دەکەنە سەر فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی سعودیـیە


هاوپەیمانێتی لەشکری بە ڕێبەراتی عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت حوثیـیەکان فڕۆکەخانەی ئەبها لە باشوری ڕۆژئاوای سعودیەیان کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا 26 کەس برینداربوون.

هاوپەیمانێتیـیەکە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی ئەمڕۆ چوارشەممە موشەکێک لە هۆڵی بەشی هاتووانی فڕۆکەخانەکەی داوە و ئەو بریندارانەی لێکەوتووەتەوە کە سیانیان ژنن و دووانیان منداڵن و ڕەگەزنامەی سعودیـیە و یەمەن و هیندستانیان هەیە. هەشت لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و ئەوانی دیکە لە فڕۆکەخانەکە چارەسەریـیان بۆ کراوە.

پاشان نووسیویەتی ئەو هێرشە لە ئاستی تاوانی جەنگدایە وە بە زووترین کات بە توندی وەڵامدانەوەیان دەبێت.

بەیاننامەکە کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتە، تیاشیدا نووسراوە"بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەکە دەیسەلمێنێت ئەو میلیشیا تێرۆرستیـیانە چەکی نوێی پـێشکەوتوویان دەستکەوتووە، وە ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیکردن و پـیادەکردنی تێرۆرزم و پـێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش."

دەستەی فڕۆکەوانی سیڤیلی سعودیـیە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە لە ئێستادا هاتوچۆ لە فڕۆکەخانەکە ئاسایی بووەتەوە.

پـێشتر کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمسیرەی حوثیـیەکان ڕایگەیاند هێزەکانیان بە موشەکێکی کروز فڕۆکەخانەی ئەبهایان کردووەتەوە ئامانج کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی باکوری یەمەنەوە دورە.

گوتەبێژێکی لەشکری حوثیـيەکان ڕۆژی سێشەممە گوتی هەموو فڕۆکەخانەکانی سعودیـیە دەکەنە ئامانج.

XS
SM
MD
LG