Accessibility links

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک لە خوێندنگایەکی هونەرەکانی جەنگ لە چین 18 کەس گیانیان لەدەستدا


بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە خوێندنگایەکی هونەرەکانی جەنگ لە ناوەڕاستی چین لانی کەم 18 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە برینداربوون.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی شارۆچکەکە ئاماژەیان بەوەدا زۆرینەی قوربانییەکان خوێندکارانی خوێندگاکە بوون و تەمەنیان لە نێوان 7 بۆ 16 ساڵدا بووە.

حکومەتی شارۆچکەی ژیشینگ لە بەیاننامەیەکدا وتی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و بەرپرسان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن.

دەزگای هەواڵی توتیاوی پەکین لە زاری کارمەندانی حکومەتی ناوخۆی شارۆچکەکەوە بڵاویکردەوە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا 34 خوێندکار لە ناو خوێندنگاکەدا بوون.

بریندارەکان کە چوارییان بە سەختی برینداربوون، بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، پزیشکێکی نەخۆشخانەکە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت " هەرچی لە توانایاندا هەبێت دەیکەن بۆ ڕزگارکردنیان."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بەڕێوبەری سەنتەرەکە لە هەرێمی هینان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

سەرۆکی هەرێمەکە لۆو یانگشینگ بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی وت ئەم کارەساتە " وانەیەکی کاریگەر " بوو کە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هینان دەبێت لێوەی فێرببن.

هینان شوێنی لە دایکبوونی نەریتی هونەری جەنگی چینە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیاکانی کۆنگ فو لە هەرێمەکەدا هەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG