Accessibility links

ڕۆحانی : ئێران دەتوانێت واز لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بهێنێت ئەگەر ئەمەریکا سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر ئێراندا


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی ئێران دەتوانێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا واز لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی بهێنێت کە لەگەڵ هێزەکانی جیهاندا بەستوویەتی ئەگەر هاتوو ئەمەریکا بەردەوام بێت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا.

ڕۆحانی لە دانیشتنێکی پەرلەماندا وتی ئەو سزا نوێیانەی ئەمەریکا ڕێکەوتنە ناوەکییەکەیە پێشێل دەکەن کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و چین و سێ وڵاتی زلهێزی ئەوروپادا بەستوویەتی، ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کە ئێران واز لە چالاکییە ناوەکییەکانی بهێنێت و لەبەرامبەردا سزاکانی سەری کەم دەکرێتەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی حەوتدا سزای سەپاند بەسەر شەش کۆمپانیای ئێرانیدا بەهۆی ئەوەی کە ڕۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیە بالیستیکیەکاندا.

لە سەرەتای مانگی هەشتدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران و ڕوسیا و کۆریای باکووردا و ئامانجی ئەم سزایانە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە.

ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە بە پەرەپێدانی موشەکەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەیان پێشێل کردبێت و دەڵێت موشەکەکانی وا دروست نەکراون کە بتوانن چەکی ناوەکی هەڵبگرن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG