هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دیموکراتەکان ڕایگەیاند جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بانگهێشتێکی سی ئێن ئێنی پەسەند کردووە بۆ میوانداریکردنی دیبەیتێکی دیکەی نێوان هێرس و دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان لە 23 ی مانگی 10 دا.
بەرپرسی هەڵمەتەکەی هێرس، جێن ئۆماڵی دیلۆن لە بەیاننامەیەکدا وتی " جێگری سەرۆک هێرس ئامادەیە بۆ دەرفەتێکی دیکە بۆ دیبەیتکردن لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا، هەروەها بانگهێشتەکەی سی ئێن ئێنی پەسەند کردووە بۆ دیبەیتکردن لە 23 ی مانگی 10 دا. دانۆڵد ترامپ دەبێت هیچ کێشەیەکی نەبێت لە پەسەندکردنی ئەم دیبەیتەدا."
کاتێک سەبارەت بە پەسەندکردنی بانگهێشتەکە لەلایەن هێرسەوە پرسیاری لێکرا، وتەبێژێکی ترامپ ئاماژەی بە بەیاننامەکانی پێشووتری ترامپدا لەسەر ئەوەی کە دیبەیتی دیکە لەگەڵ هێرسدا ناکات.
لە 10 ی مانگی نۆدا هێرس و ترامپ بۆ یەکەمین جار دیبەیتییان لەگەڵ یەکتردا کرد، بەپێی ئامارەکانیش هێرس لەو دیبەیتەدا سەرکەوتوو بووە.
هەفتەی ڕابردوو ترامپ وتی بەشداری لە دیبەیتێکی دیکەدا ناکات لەگەڵ هێرس.
وتی " دیبەیتی سێیەم ڕوونادات."
ترامپ لە مانگی شەشدا لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکادا دیبەیتی کرد، پێش ئەوەی لە مانگی 9 دا لەگەڵ هێرس دیبەیت بکات.
بایدن لەو کاتەدا بەربژێری دیموکراتەکان بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەڵام لەو دیبەیتەدا باش نەبوو و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە کێبڕکێکە بێتە دەرەوە و دیموکراتەکانیش دەستبەجێ پشتگیری خۆیان بۆ هێرس دەربڕی تاوەکو ببێتە بەربژێرییان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز