Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی سوریا خولێکی نوێی دانوستانەکان لە جنێڤ ڕادەگەیەنێت


ئۆپۆزسیۆنی سوریا خولێکی نوێی دانوستانەکان سەبارەت بە ناکۆکییەکانی سوریای ڕاگەیاند کە لە 21ی مانگی یەکدا لە جنێڤ ساز دەکرێت بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانوستانەکان دەبێت سێ ڕۆژ بخایەنێت.

بەپێی ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس، سەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەسر حەریری وتوویەتی نەتەوە یەکگرتووەکان شیاوترین لایەنە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، ئەوەش لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەو دانوستانانەی کە ڕوسیا داوای دەکات لە سوچی ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە دانوستانەکانی سوچی حەریری وتی" هیچ بانگهێشتێکی فەڕمیمان پێنەگەیشتووە و نازانین ئامانجی ڕاستەقینەی ڕوسیا چیە لە داواکردنی ئەم دانوستانانە."

لەلای خۆیەوە نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا لە کۆتایی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە سوریا هیوای خواست ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دانوستانەکانی داهاتووی سوچیدا بەشداری بکەن.

نیبینزیا وتی " بەدیل نیە بۆ جنێڤ، بەڵام ئایا هیچ پێشڕەوییەک کراوە لە جنێڤ؟" جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانج لە دانوستانەکانی سوچی ئەوەیە کە ئاڕاستەیەک بەرەو چارەسەرێکی سیاسی بداتە جنێڤ.

خولی هەشتەمی دانوستانەکانی جنێڤ لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا شکستی هێنا. ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای کرد کە باس کە چارەنوسی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بکرێت لە دانوستانەکاندا کە ئەوەش شتێکە دیمەشق بەتەواوەتی ڕەتی دەکاتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرپرسیارێتی شکستهێنانی ئەو خولەی خستە ئەستۆی ڕژێمی سوریا.

بەپێی حەریری، نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا بڕیارێکیان نەداوە سەبارەت بە بەشداری کردنیان لە گفتوگۆکانی سوچی، هەروەها وتیشی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەدووری نازانێت ئامادەی ئەو گفتوگۆیانە ببێت بەڵام ئەگەر هاتوو پێشڕەوییەک کرا لە دانوستانەکانی جنێڤدا ئەوا گفتوگۆکانی سوچی بێ سوود دەبێت.

حەریری وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری سوچی ناکەن تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ڕوسیا پشتیوانی لە دانوستانەکانی جنێڤ بکات."

حەریری ڕاشیگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە لە نیویۆرک چاوی بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و سکرتێری گشتی یاریدەدەر بۆ کاروباری سیاسی جێفری فێڵتمان کەوتووە.

ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردەوە کە چاوپێکەوتنێک هەبووە لەنێوان حەریری و گۆتێرێسدا و وتیشی گۆتێرێس پێشوازیی لە ئامادەبوونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووە لە دانوستانەکانی داهاتووی جنێڤدا.

حەریری وتی " چاوەڕێی وەرگرتنی بانگهێشتێکی فەڕمی دەکەین بۆ دانوستانەکانی جنێڤ."

XS
SM
MD
LG