Accessibility links

حەماس چەند بارمتەیەکی دیکە ئازاد دەکات


حەماس دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە 13 بارمتەی ئیسڕائیلی و 3 بارمتەی تایلەندی و ڕووسیاییەکی ڕادەستی خاچی سوور کردووە، ئەمەش لە سێیەم ڕۆژی ئاگربەستە چوار ڕۆژەییەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا.

لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەم گروپەی دیکەدا لەلایەن حەماسەوە، دەبێت ئیسڕائیل 39 فەلەستینی زیندانیکراو لە زیندانەکانیدا ئازاد بکات، هاوشێوەی ڕۆژەکانی دیکەی ئاگربەستەکە.

ئاگربەستە چوار ڕۆژەییەکە یەکەمین وەستانی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسە کە بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل و کوشتنی 1200 کەس لە ئیسڕائیل و بە بارمتەگرتنی نزیکەی 240 کەس هەڵگیرسا.

لە وەڵامی ئەو هێرشەی حەماسدا، ئیسڕائیل بەڵێنی لە ناوبردنی حەماسیدا و بەردەوام بۆردومانی غەززەی دەکرد و هێرشێکی زەمینی بۆ سەر باکووری غەززە دەستپێکرد. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە نزیکەی 14,800 فەلەستینی کوژراون و سەدان هەزاران کەسی دیکە ئاوارە بوون.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو چاوی بە هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل کەوت لە ناو کەرتی غەززەدا و ئاماژەی بەوەدا کە هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل هێشتا زۆر دوورە لە تەواو بوونەوە.

نەتانیاهو وتی " هیچ شتێک نامانوەستێنێت و باوەڕمان وایە کە هێز و دەسەڵات و خواستمان هەیە و سوورین لەسەر دەستکەوتنی ئامانجەکانمان، ئەوەش ئەوەیە کە دەیکەین."

پێشبینی دەکرێت دواتر هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا نەتانیاهو لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا قسە بکات.

جێی ئاماژەیە کوژرانی جوتیارێک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە نیگەرانییەکانی زیاتر کرد سەبارەت بە ناجێگیریی ئاگربەستەکە.

جوتیارەکە لە کامپی مەغازی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کراوەتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG