Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت خۆپیشاندانەکانی ئێران خۆڕسکن


نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی خۆپیشاندەرانی ئێران ئازان و خۆپیشاندانەکانیش خۆڕسکن و دەستی هێزی دەرەکی تێدا نیە.

هەیڵی لێدوانەکانی ڕابەرانی ئێرانی ڕەت کردەوە کە گوایە دوژمنانی ئێران ئەم خۆپیشاندانانەیان دروست کردووە.

وتی " هەموومان دەزانین کە ئەمە قسەی بێ مانایە. خۆپیشاندانەکان بەتەواوەتی خۆڕسکن. لە هەموو شارەکانی ئێراندا ڕوودەدەن. ئەمە وێنەی ڕاستەقینەی شۆڕشی گەلێکە لەدژی فەرمانڕەوا چەوسێنەرەوەکانیان کە بۆ ماوەیەکی درێژە دەیان چەوسێننەوە."

هەیڵی وتیشی " نابێت بە بێدەنگی بمێنینەوە. گەلی ئێران لەپێناو ئازادیدا هاوار دەکات."

جێی ئاماژەیە لەماوەی ڕابردوودا ڕابەری ئێران ئایەتوڵا خامنەئی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەم خۆپیشاندانانەیان بە ناو هەموو وڵاتەکەدا وروژاندووە.

لە یەکەم لێدوانیدا دوای خۆپیشاندانەکان خامنەئی وتی " لەم ڕۆژانەی دواییدا دوژمنانی ئێران ڕێگەی جیاوازیان گرتە بەر لەوانەش پارە و چەک و سیاسەت و دەزگای هەواڵگریی بۆ دروستکردنی کێشە بۆ کۆماری ئیسلامی."

وتیشی لە کاتی خۆیدا لێدوان دەدات سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمدواییانە.

خامنەئی ناوی دوژمنەکانی نەهێنا بەڵام سکرتێری باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران عەلی شەمخانی وتی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و سعودیە لەپشت ئەم کردەوە تێکدەرانەوەن کە ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدەن.

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری شەمخانیەوە بڵاویکردەوە " سعودییەکان لە ئێرانەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی پێشبینی نەکراو دەبنەوە و ئەوان دەزانن دەکرێت چەند مەترسیدار بێت."

هەروەها سەرۆکی دادگای تاران موسا غەزنفەر وتی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە خۆپیشاندانەکاندا ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG