سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس هۆشیاریدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران ئەگەر بێت و ڕێکەوتنێکی باش نەبێت بۆ جێگرتنەوەی.
گۆتیرێش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانیدا وتی " ئەگەر گەیشتین بە ڕێکەوتنێکی باشتر و جێی بگرێتەوە ئەوا کێشە نابێت، بەڵام ئەگەر جێگرەوەیەکی باشمان نەبێت ئەوا نابێت هەڵبوەشێنرێتەوە."
وتیشی " پێم وایە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران سەرکەوتنێکی سیاسیی گرنگ بوو و گرنگە پارێزگاری لێبکرێت چونکە من پێشم وایە لە هەندێک بارودۆخدا دەبێت گفتوگۆ ئەنجام بدرێت چونکە من وای دەبینم ناوچەکە لە ڕەوشێکی مەترسیدار دایە."
وتیشی " لە ترسی هەندێک وڵات تێدەگەم کە هەیانە سەبارەت بە دەسەڵاتی ئێران لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا. بۆیە پێم وایە دەبێت هەندێک شت لە پێش هەندێک شتی ترەوە دابنێین."
هەروەها سەبارەت بە کۆریای باکوور، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس وتی گەشبینە بە ئەگەری پێشکەوتن لە بابەتی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکووردا دوای ئەو جووڵە سیاسییانەی ئەمدواییەی پیۆنگیانگ و سیئۆل و واشنتن.
گۆتیرێس وتی " پێم وایە ئێستا شتەکان بەرەو گفتوگۆیەکی جددی دەڕۆن."
وتیشی " ئەوە لە بەرژەوەندیی کۆریای باکوور دەبێت کە بەهۆی سزاکانەوە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەرە و هەروەها لەبەرژەوەندی کۆریای باشووریش دەبێت کە پێویستیان بە ئاشتی و ئاسایش هەیە ، هەروەها لە بەرژەوەندی چینیش دەبێت کە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا نەبووە کۆریای باکوور چەکی ناوەکیی هەبێت بەڵام چوارچێوەیەکی ئاسایشی باشی دەیەوێت لە ناوچەکەدا. هەروەها لە بەرژەوەندی ئەمەریکاشدا دەبێت چونکە ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا هەمیشە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی بووە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا. "
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز