Accessibility links

کاردانەوەی وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە هێرشەکەی سەر دوو کەشتیەکە لە کەنداوی عومان


هێرش کرایە سەر دوو کەشتی بارهەڵگری سوتەمەنی لە کەنداوی عومان و لە ئەنجامدا کارمەندی یەک لە کەشتیەکان بە سووکی برینداربوو و زیانیشی گەیاند بە کەشتیەکە.

هێزی پـێنجی دەریایی ئەمەریکا کە بارەگاکەی لە بەحرەینە، ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت هێزی دەریایی ئەمەریکا دوو داوای بەهاناچوونی پـێگەیشتووە، یەکێکیان لە کاتژمێر 6:12 ی بەیانی و ئەوی دیکەیان 7:00 ی بەیانی بە کاتی بەحرەین. دەشڵێت کەشتی (DDG 96) هێزی دەریایی ئەمەریکا یارمەتی پـێشکەش کردوون.

وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کاردانەوەیان هەبوو سەبارەت بە هێرشەکە و قەتەڕ داوای کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە هێرشەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕدا هاتووە دەڵێت ئەو هێرشە کارێکی تێکدەرانەیە و ئاسایشی ناوچەی کەنداو و سەرتاسەری ناوچەکە ناکرێت یاری پێبکرێت.

لەلایەکی دیکەوە سعودیە وتی هاوڕایە لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بەوەی ئێران بە رپرسیارە لە هێرشەکەی سەر دوو کەشتیەکە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر وتی سعودیە لەگەڵ ئەمەریکادا هاوڕایە سەبارەت بەوەی ئێران بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر دوو کەشتیەکەی کەنداوی عومان.

جوبەیر بە سی ئێن ئێنی وت " هیچ هۆکارێکمان نیە هاوڕا نەبین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆدا. ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئەودا، ئێران مێژووییەکی هەیە لەو کارانەدا."

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئیماڕات ئەنوەر قەرقاش وتی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر کەشتیەکان لە کەنداوی عوماندا و بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەیەک لە سعودیە " زیادبوونی گرژییەکی مەترسیدارە."

قەرقاش وتی داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی ئەم هێرشە بدەنەوە و گرەنتی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچەکە بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG