Accessibility links

سعودیە تەقینەوەی ناو کەشتیە بازرگانیەکە لە یەکێک لە بەندەرەکانی پشتڕاست دەکاتەوە


کۆمپانیای تی ئێم ئێس تانکەرزی یۆنانی کە سەرپەرشتی کەشتیە نەوت هەڵگرەکە دەکات وتی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە بەندەرێکی سعودیە لە دەریای سوور کەشتیەکە زیانی بەرکەوتووە، لەلای خۆشیەوە سعودیە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە یەمەن لە بەیاننامەیەکدا وتی کەشتیەکی بازرگانی زیانێکی کەمی بەرکەوتووە دوای ئەوەی ڕووبەڕووی کردەوەیەکی " تیرۆریستی " بۆتەوە.

دەزگای هەواڵی سعودیە لە زاری وتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە تورکی مالکیەوە بڵاویکردەوە " بەرپەرچدانەوە و شکست پێهێنانی کردەوەیەکی تیرۆریستی کە یەکێک لە کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی کردبووە ئامانج لە دەریای عەرەب."

تی ئێم ئێس تانکەرز کە بنکەکەی لە یۆنانە وتی کەشتیەکە کە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوە بووە " ڕووبەڕووی هێرشێک بۆتەوە و سەرچاوەی هێرشەکە نادیارە." ئەمە لەکاتێکدا کەشتیەکە لە بەندەری شەقیق لە سعودیە بارەکەی داگرتووە و ئامادەبووە بۆ ڕۆیشتن.

وتیشی " تیمی کەشتیەکە پارێزراون و هیچ کەسێک بریندار نەبووە، کەشتیەکەش لە بارودۆخێکی جێگیردایە."

ئەم تەقینەوەیەش دوای زنجیرەیەک ڕووداو دێت کە لەم دواییانەدا بەسەر ژێرخانی کەرتی نەوتی سعودیەدا ڕوویداوە.

لەلایەکی دیکەشەوە کۆمپانیای ئامبری بەڕیتانیا بۆ ئاسایشی دەریایی وتی کەشتی ئەجراری کاتێک کە لە وێستگەی شەقیق وەستاوە بۆمبێک پیایدا تەقیوەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG